گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەمترین توشبوو لە 17 ڕۆژی ڕابردوودا

سلێمانى قۆناغى ’’هەناسەدانى دەستکرد’’ جێدەهێڵێت

2020.07.15 - 11:25
سلێمانى قۆناغى ’’هەناسەدانى دەستکرد’’ جێدەهێڵێت

ناس کورد-

بارودۆخى توشبوون و مردن بە کۆرۆنا لە سنورى پارێزگاى سلێمانى زیاندمەندترین پارێزگا لەسەر ئاستى هەرێم بەرەو باشى چووە و لەئێستادا ژمارەیەکى کەمى توشبوو پێویستى بە ئامێرى هەناسەدانى دەستکردە، ئەوەش بەوتەى جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى.

 

لە دوو هەفتەى ڕابردوودا ئامارەکانى توشبوون و مردن بە کۆرۆنا لەهەرێمى کوردستان بەتایبەت لەسنورى پارێزگاى سلێمانى رووى لەبەرزبوونەوەى بەرچاو کرد و بەرپرسانى تەندروستى هۆشدارییان لەروودانى کارەساتى گەورە، بەڵام چەند رۆژێکە ئامارەکان روویان لەکەمبوونەوە کردووە.

 

عەبدوڵا محەمەد، جێگرى بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "دۆخەکە بەراورد بە دوو هەفتەى ڕابردوو زۆر باشتر بووە، ئامارەکان تا ڕادەیەک وەستاوە، بەڵام ئەمە ماناى کۆنترۆڵکردن یان نەمانى مەترسی نییە".

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، لەسنورى پارێزگاى سلێمانى تا ئێستا شەش هەزار و 785 توشبوو تۆمارکراوە کە 291 کەسیان مردوون و سێ هەزار و 322 کەسیان چاکبوونەتەوە.

 

عەبدوڵا محەمەد دەڵێت، ئەوانەى لە نەخۆشخانەکانن ژمارەیەکى زۆر کەمیان پێویستیان بە ئامێرى هەناسەدانى دەستکردە، لەکاتێکدا پێشتر ژمارەیەکى زۆریان پێویستیان بوو.

 

باس لەوەشدەکات، ئەوانەى لەئێستادا رەوانەى نەخۆشخانەکان دەکرێن، بەشێکیان تەندروستیان باشە و پێشتر لەماڵەوە چارەسەریان وەرگرتووە و خۆیان کەرەنتین کردووە.

 

ئامارەکان دەریدەخەن، کە دوێنێ کەمترین حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆنا لەماوەى 17 رۆژدا لەسنورى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە کە 117 حاڵەت بووە، ئەوەش بە ئاماژەیەک دادەنرێت بۆ باشبوونى دۆخى پارێزگاکە.

 

جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى ئەوەى خستەڕوو، کە چاوەڕوانى دوو هەفتەى داهاتو دەکەن و ئەگەر رەوشەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە زۆرباشە.