گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سۆران عومەر لە نامەى دەستلەکارکێشانەوەیدا باسی چەند هۆکارێک دەکات

2020.07.15 - 11:00
سۆران عومەر لە نامەى دەستلەکارکێشانەوەیدا باسی چەند هۆکارێک دەکات

ناس کورد-

سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنى کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان نامەى دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەشی سەرۆکى پەرلەمانی کرد.

 

لە نامەکەدا سۆران عومەر هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەى دەگێڕێتەوە بۆ "ئەوەى پەرلەمان ئەرکی لە یاسادانان و چاودێری حکومەت و نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بەجێ ناهێنێت."

 

ناس کورد بۆ زانینى هەڵوێستى فراکسیۆنى کۆمەڵ پەیوەندى بە عەبدولستار مەجید، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵەوە کرد، تەنها ئەوەندەى وت کە کاتژمێرێکى دیکە ڕونکردنەوەیەک لەو باریەوە بڵاودەکەنەوە، بەبێ ئەوەى ئامادەبێت هیچ قسەیەکى دیکە بکات و وتى لەرونکردنەوەکەدا هەڵوێستى خۆیان ئاشکرادەکەن.

 

me_ga.php?id=582

شەوی ڕابردوو سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنى کۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ نامەى دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەشی سەرۆکى پەرلەمانی کوردستان دەکات.  

  

سۆران عومەر بە ناس کوردی وت، وەک ناڕەزایەتییەک لەدژی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری، ئەمڕۆ دەستلەکارکێشانەوەى خۆی پێشکەش دەکات و لە "کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەموو وردەکارییەک دەخاتەڕوو."  

  

ڕۆژی 12ی تەموزی 2020، دادگاى لێکۆڵینەوەى هەولێر بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ سۆران عومەر ئەندامى پەرلەمانى کوردستان دەرکرد لەسەر سکاڵایەک کە لە پۆلیسى خانەقا لەسەرى تۆمارکراوە.    

  

بەپێی نوسراوێکى دادگا، داوا لە هێزەکانى پۆلیس کراوە لەهەر شوێنێک سۆران عومەریان بینى دەستگیرى بکەن و بیدەن بە دادگا، چونکە سکاڵاى لەسەر تۆمارکراوە.    

  

سۆران عومەر بڕیارى دەستگیرکردنى بە "شانۆگەرى پارتى" ناوبرد و بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "بڕیارەکەم لەڕاگەیاندنەکانەوە بینیوە".    

  

وتیشى، "بەپێی بڕیارەکەى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان من هێشتا خاوەنى پارێزبەندى یاساییم".    

  

دەرکردنى بڕیارى دەستگیرکردن بۆ سۆران عومەر دواى زیاتر لە 10 رۆژدێت لە نوسراوێکى دیوانى پەرلەمانى کوردستان کە تێیدا سۆران عومەرى ئاگادارکردبوەوە لەبەردەم دادگا ئامادەبێت وەکو تۆمەتبار تا لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا بکرێت لەدۆسیەیەکدا بەپێی یاساى سزادان.    

  

ڕۆژی 14 حوزەیرانی ڕابردوو رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیارێك پارێزبەندی بۆ سۆران عومەر گەڕاندەوە، دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی کە لەدانیشتنی 7ی ئایاری مانگی ڕابردووی پەرلەماندا کە بەدەنگى فراکسیۆنى پارتى و پێکهاتەکان پەسەندکرا.    

  

دواى دەرکردنى بریارەکە سەرۆكی پەرلەمان ڕەوانەی ڕۆژنامەی وەقایعى فەرمى کرد، لەلایەن وەزارەتى دادەوە دەردەکرێت و تایبەت بە بڵاوکردنەوەى بڕیار و نوسراوە فەرمییەکانى دام و دەزگاکانى هەرێم، بۆ ئەوەى بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.      

  

بەڵام فرسەت ئەحمەد، وەزیرى داد ڕەتیکردەوە بڕیارەکەى سەرۆکى پەرلەمان بڵاوبکەنەوە لەو ڕۆژنامەیەدا و لە نوسراوێکدا جەختیکردەوە کە بڕیارەکە بە "نەبوو" دادەنرێت و بۆ بڵاوکردنەوە ناشێت لەو رۆژنامەیەکدا، چونکە بڕیارەکەى سەرۆکى پەرلەمان پێچەوانەى رێساى گشتى پلەبەندى یاسایی دەرچووە، ئەوەش بڕیارەکەى بەجێبەجێنەکراوى هێشتەوە.      

  

لەئێستادا چارەنوسى بریارەکە بە نادیارى ماوەتەوە، بەهۆى بڵاونەکردنەوەیەوە لە رۆژنامەى وەقایع، دیاریش نییە سەرۆکى پەرلەمان چ رێکارێکى دیکە دەگرێتە بەر بۆ ئەوەى بڕیارەکەى جێبەجێ بکات.