گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواتر دەچێتە ئێرانیش

كازمی بەمزوانە سەردانی سعودیە دەكات و ڕێککەوتنەکان زیندوو دەکاتەوە

2020.07.15 - 10:54
كازمی بەمزوانە سەردانی سعودیە دەكات و ڕێککەوتنەکان زیندوو دەکاتەوە

ناس کورد-

عێراق سەرقاڵی كاراكردنەوەی چەند لێکتێگەیشتن و ڕێكەوتنێكە كە لە كابینەی پێشوودا بەرهەمهاتوون و واژۆكراون لەسەر كەرتەكانی بازرگانی و نەوت و گواستنەوە و ئاڵۆگۆڕكردن و بەمنزیكانەش لەسەر ئەو پرسانە كازمی سەردانی سعودیە دەكات.

 

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط"، قەحتان جەنابی، باڵیۆزی عێراق لە سعودیە ڕایگەیاندووە، سەردانەكەی كازمی بۆ سعودیە بەمنزیكانە ئەنجام دەدرێت و سەرۆک سوورە لەسەر سەردانەكەی و سعودیەش لەیەكەم بەرنامەی گەشتەكانیدایە.

 

ئەوەلەکاتێکدایە چەند میدیایەکی عێراقی لەزاری سەرچاوەیەکەوە دەڵێن، هەفتەى داهاتوو کازمی سەردانی ڕیاز  و تاران دەکات.

 

باڵیۆزی عێراق كاتی سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی بۆ ئەو وڵاتە دیارینەكردووە و خۆی لەوە پاراستووە بەڵام دڵنیایی ئەوەیداوە كە بەمنزیكانە ئەنجامدەدرێت.

  

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، پەیوەندییەكانی عێراق-سعودیە وەكو دوو وڵاتی دراوسیێ عەرەبی و موسڵمان ئاساییە پەیوەندییەكی سروشتی بێت، پێكهاتە جوگرافی و مێژووی و عەشاییەرییەكان و بەرژەوەندی هاوبەش وەهای خواستووە پەیوەندیەكان پتەوبن.

 

باسی لەوەش كردووە، لەدواجاردا پەیوەندییەكان بۆ بەرژەوەندی هەردوو وڵات لەئاستێكی باشدا دەبێت و حكومەتی عێراق و بەرپرسانی سعودەیەش هەوڵێكی زۆر دەدەن بۆ پەیوەندیەكان بگەیەننە ئاستی چاوەڕوانی هەردوولا و ئەوانیش گەشبینن بە برایەتی نێوان ئەو دوو گەلە.

 

لەبارەی پەیوەندی و ڕێكەوتنە بازرگانیەكانی هەردولاشەوە جەنابی دەشڵێت، پرسەکانی وەک كردنەوەی خاڵی سنوریی عەرعەر، زیادكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، ئاسانكاری لە كەرتی گواستنەوە، چالاكردنی هەماهەنگی كلتوری و تەندروستی و وەبەرهێنان چالاک دەکرێنەوە، ئەوانە هەمووی لە كابینەی پێشوودا واژۆیان لەسەر كراوە.

 

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، كاتێك بۆ كردنەوەی خاڵی سنوری عەرعەر دیارینەكراوە بەڵام نیەتێك بۆ كردنەوەی لەزووترین كاتتدا هەیە و قەیرانی كۆرۆناش كاریگەری لەسەر دواخستنی هەبووە.

 

باڵێۆزی عێراق لە سعودیە ئەوەشی ئاشكراكرد، بەرپرسانی عێراق پرسی دروستكردنی شاری وەرزشیان یەكلایی كردووەتەوە و پلانەكە و شوێنەكەی ڕادەستی بەرپرسانی سعودیە دەكەن بەمزووانە و شارەكەش تەنها لەسەر دیاریكردنی شوێنەكەی ڕاوەستاوە.

 

پێشتریش عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، هاریكاری نێوان عێراق و سعودیە لەزۆر بواردا بەردەوامە بەتایەبت لەكردنەوەی دەرگا بۆ وەبەرهێنان و كاراكردنەوەی ڕێكەوتنی دوو قۆڵی كە گرنگری بەكەرتەكانی نەوت و وزە و پێشەسازی و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی دەدات.

 

هەر لەسەر ئەو پرسە، حەمید غەزاوی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دەبێت وەزارەتە پەیوەندیدارەكان سەرپەرشتی كاروباری لیژنە بچوكەكان بكەن بۆ چاودێری كردنی جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكە.

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، بەرپرسانی سعودیە خواستی كاركردنەوەی ڕێكەوتنەكانی نێوان هەردوو وڵاتیان هەیە.