کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- ئەحمەد مستەفا
.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لەڕێگەی پڕۆژە یاسایەكەوە دەیەوێت كۆدەنگی دروست بكات، لەسەر بەیاسایكردن و یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە، ئەندام پەرلەمانێكی پێشووی یەكێتیش وەك هەوڵێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە وێنای دەكات.
.
پڕۆژە یاساكەی فراكسیۆنی پارتی لەچەند بڕگە و ماددەیەك پێكهاتووە، دەربارەی چۆنیەتی میكانیزمی یەكگرتنەوەی هەردوو هێزەكە و هێزە تایبەتەكانی كەسایەتییە سیاسییەكان داڕێژراوە.
.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ناس كورد-ی راگەیاند"پڕۆژەی یاسای یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە هێشتا ناوەڕۆكی تەواو نەكراوە، ئەو بابەتە پێویستی بە زەمینەسازی و هەماهەنگی هەیە، دەمانەوێت لەگەڵ تەواوی فراكسیۆنەكانی دیكە و بەتایبەت فراكسیۆنی یەكێتی هەماهەنگی بۆ ئەو پڕۆژەیە بكەین".
.
بەوتەی خۆشناو، فراكسیۆنی پارتی دەیەوێت لە دوای پێكهێنانی حكومەت كار لەسەر پڕۆژە یاساكە بكات و سوربوونی فراكسیۆنەكەی دووپات كردەوە بۆ ئەوەی پڕۆژە یاساكە بباتە پەرلەمانی كوردستان و بیكاتە یاسا.
.
"ئەوە بابەتێكی نیشتمانییە و پێشمەرگە پیشمەرگەی حزب نییە، دەبێت دەستی حزبی تێدا دوور بخرێتەوە، كاری پێشمەرگە پاراستنی كوردستانە نەك حزبی سیاسی" ئومێد خۆشناو وای وت.
[caption id="attachment_70010" align="alignright" width="900"].
ناس كورد زانیوویەتی، بەگوێرەی پڕۆژە یاسا تەواو نەكراوەكەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، یەكخستنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پیشمەرگە دەبێت، سەرجەم هێزەكانی حەفتا و هەشتا و هێزەكانی تایبەت بە كەسایەتییە سیاسسیەكانیش دەگرێتەوە، پارتیش دەیەوێت هاوشانی یاساكە پاڵپشتی سیاسیش بۆ هەنگاوەكەی بەدەستبهێنێت.
.
وەزارەتی پێشمەرگە جگە لەو لیوا هاوبەشانەی لەنێوان وەزارەت لەچەند ساڵی ڕابردوودا پڕۆسەی تێكەڵكردنی دەستپێكرد، بەپێی ئامارە نافەرمییەكان زیاتر لە 56 هەزار پێشمەرگەی سەر بە یەكەی 70ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و زیاتر لە 60 هەزار پێشمەرگەی یەكەی 80ی پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، كە وەزارتی دارایی مانگانە 140 ملیۆن دینار بۆ مووچەی وەزارەتەكە دابین دەكات.
.
فراكسیۆنی پارتی نایشارێتەوە بۆ هەنگاوێكی لەو جۆرە زیاتر لە هەر هێزێكی دیكەی سیاسی، پێویستی بەڕای یەكێتی هەیە، بۆ متمانەدان بە پڕۆژەكەی و فەرماندەی گشتی هێزەكانی 70، پێشوازی لەو پڕۆژە یاسایە دەكات و بە كارێكی باشی دەزانێت.
جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و فەرماندەی هێزەكانی حەفتا بە ناس كورد-ی وت "هەر فراكسیۆنێكی نێو پەرلەمانی كوردستان هەنگاو بۆ بەنیشتمانیكردنی هێزەكانی پیَِشمەرگە و یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە بنێت، وەك فەرماندەیی هێزەكانی حەفتا پشتگیری دەكەین".
.
وتیشی"بەڕای ئێمە بەدامەزراوەیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە، لەئێستادا لەهەموو شتێك گرنگترە، هەموو بڕیارێك بۆ دروستكردنی ئەو سوپایە بەباش دەزانم، هەروەك چۆن پێشتر لە سەنگەردا هێزەكان پێكەوە شەڕیان كردوە و پێكەوە شەهیدبوون، ئێستا پێویستە یەكبخرێن".
[caption id="attachment_65375" align="alignright" width="1024"].
هەردوو هێزەكانی حەفتا و هەشتای هێزی پیشمەرگە، ڕێكخستن و ئیدارەدانیان لەلایەن بەرپرسانی فەرماندە سەربازییەكانی پارتی و یەكێتییە، بەپێی زانیاریەكان زۆرجار بەرپرسانی ئەو یەكانە، بۆ كاری سەربازی و ئیداری ڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن و جەعفەر شێخ مستەفا بەپێویستیزانی كە یەكخستنەوەی پێشمەرگە بە ئاگاداری و بەشداری وەزارەتی پێشمەرگە بەیاسا لەنێو پەرلەمانەوە دەرچوێنرێت.
.
پڕۆژە یاساكەی پارتی، لەكاتێكدایە كە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت هێشتا گەرمن، یەكێتی ئێستا پۆستی وەزیری پێشمەرگەی پێدراوە و داوای جێگری سەرۆكی هەرێمیش دەكات بۆ كاروباری سەربازی، گەرچی ڕێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان و داخوازی ئەو حزبەش بوونەتە لەمپەر لەسەر ڕاسپاردنی سەرۆكی حكومەت بۆ دروستكردنی كابینەی نۆی حكومەت.
.
قادر وەتمان، ئەندامی پێشووی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە ناس كورد-ی وت"یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەئێستادا مەترسی ئەوەی لێدەكرێت كە پارتی بەوپێیەی بڕیاربەدەستی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی نوێی كوردستانەوە هێزی سەركردایەتی دوو جەمسەری لە رۆڵی یەكێتی دوور بخاتەوە و پێشمەرگە بخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی بڕیاری خۆیەوە".
.
بەوتەی رەزگەیی، هیچ هێزێك نییە پێشمەرگە رادەستی یەك بڕیار بكات و لەو بڕوایەدایە هەوڵەكانی پارتیش بۆ ئەوەیە كە بەتەنها سەركردایەتی هێزەكانی پێشمەرگە بكات. بەمەترسیشی زانی بۆ دروستبوونی یەك ئاراستەی حزبی لە دوو ناوچە.
.
لەخولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، بڕیاری ژمارە 19 بۆ یەكخستنەوە و یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەرچوو و كرایە یاسا، پڕۆژەكە ئاراستەی مستەفا سەید قادر كە ئەو كات وەزیری پێشمەرگە بوو لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان كرا، بەڵام جێبەجێنەكرا.
[caption id="attachment_70013" align="alignright" width="949"].
پەرلەمانتارەكەی پێشووی یەكێتی روونیدەكاتەوە، 5 پڕۆژە یاسا هەبوون بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، كاتێك یاسای یەكگرتنەوە چووەتە لای وەزیری پێشمەرگە و جێبەجێنەكرا ڕوونبویەوە، ئیرادەی سیاسی بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە نییە.
"بێگومان پارتی یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80ی پێ خۆش نییە، پارتی دیموكراتی كوردستان هێزێكی سەربەخۆی ناوێت، بەڵكو دەیەوێت تەواوی هێزەكە بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە" قادر وەتمان وای وت.
.