گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’لە گرتوخانەکانى تورکیادا 800 منداڵی ساوا لەگەڵ دایکیان زیندانیکراون’

تراژیدیاى زیندان و منداڵ لە تورکیا دووبارەدەبێتەوە..زیندانیکردنى منداڵێک و دایکى

2020.07.14 - 15:43
تراژیدیاى زیندان و منداڵ لە تورکیا دووبارەدەبێتەوە..زیندانیکردنى منداڵێک و دایکى

ناس كورد-

هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی نەیارانی حیزبەکەی سەرۆککۆماری تورکیا لەو وڵاتە بەردەوامە بەجۆرێک سەدان ئافرەتی زیندانیکراو لەگەڵ منداڵاکانیاندا ماوەی زیندانییەکانیان لەناو گرتوخانەکاندا بەڕێدەکەن.

 

لەدواین پێشهاتی لەو جۆرە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا وێنەی منداڵێکی تەمەن ساڵ ونیو بڵاوکردەوە کە لەگەڵ دایکە تەمەن سی ساڵەکەیدا لە زیندانێکی شاری (بۆرسە)ی تایبەت بە ژنان زیندانی کراوە.

 

بەگوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە، لیلا کایای تەمەن سی ساڵ بەتۆمەتی ئەندامێتی لەگروپەکەی ( فەتحوڵا گولەن) بەبڕیاری دادگایەکی تورکیا لەگەڵ منداڵە ساواکەیدا نێردراوە بۆ گرتووخانەی (بۆرسە)ی ژنان.

 

عومەر گەرگەرلی ئۆغڵۆ، ئەندامی پارتی گەلانی دیموکراتی، کە هاوکات یەکێک لەو کەسانەی  کەداکۆکی لە مافی زیندانیکراوە سیاسییەکان دەکات لە تورکیا، لەو باریەوە لە هەژمارەی فەرمی خۆی لە تویتەر نوسیوتی:" 800 منداڵی ساوا لەگەڵ دایکیان لە  گرتووخانەکانی تورکیا ژیان بەسەر دەبن".

 

هاوکات عائیشە ئەجارباشاران، سەرکردە لە پارتی گەلانی دیموکراتی تورکیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە :" لەماوەی ڕابردوودا هەڵمەتی دەستگیرکردنی ژنانی نەیار دژ بە حیزبەکەی ئەردۆگان زیادی کردووە بە جۆرێک  لەماوەى چەند  مانگی ڕابردوودا ژنانی دووگیانیش بەر ئەو شاڵاوانە کەوتوون".

باشاران ئاماژەی بەوەکردووە، "داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن لەساڵی 2019 زیاتر لە700 منداڵی ساوا لەگەڵ دایکیان زیندانی کراون، بەجۆرێک تەمەنی منداڵەکانیش لەنێوان چەند ڕۆژێک بۆ شەش ساڵدایە".

 

 ئەمە لەکاتێکداکە پێش دوو رۆژ لەمەوبەر دادگاکانی تورکیا بە تۆمەتی هاوسۆزی و ئەندامێتی بوون لە گروپەکەی (گولەن) 35 کەسی بەزیندانی سەخت دادگا کرد.

 

 دادگاییکردن و زیندانیکردنی نەیارانی ڕەجب تەیب ئەردوگان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەڵوێستی تووندی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی لێکەوتووەتەوە بەتایبەتی پاش ئەوەی ئەردۆگان بەڵێنیدا دامەزراوە مەدەنییەکان و سەربازییەکانی تورکیا قەڵاچۆ بکات لەلایەنگرانی گولەن.