گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەناوبانگترین ژنە چالاکوانی زیندانکراوی ئێران ’ساڵێکە گوێم لەدەنگى مناڵەکانم نەبووە’

2020.07.14 - 14:57
بەناوبانگترین ژنە چالاکوانی زیندانکراوی ئێران ’ساڵێکە گوێم لەدەنگى مناڵەکانم نەبووە’

ناس کورد-

ژنە چالاکوانێکی زیندانیکراوى ئێران، دەسەڵاتدارنی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات بە گوێنەدان بە دۆخی تەندروستی و مرۆیی ناو زیندانەکەی و بەرپرسانی زیندانەکەش بە تێوەگلان لە بڵاوکردنەوەی ئەنقەستی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو ژنە زیندانیکراوەکاندا، تۆمەتبار دەکات.

 

نێرگز محەمەدی، ژنە چالاکوانێکی بواری مافی مرۆڤى ئێرانە تەمەنی 47 ساڵە و بە بەناوبانگترین ژنى زیندانیکراوی ئەو وڵاتە لە قەڵەم دەدرێت، بەتۆمەتی ئەندامێتی بوون لە ڕێکخراوێکی قەدەغەکراوی بواری مافەکانی مرۆڤ بۆ ماوەى 16 ساڵ لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە زیندانی کراوە .

 

 محەمەدی، لە نامەیەکی دزە پێکراودا کە لەلایەن ماڵپەرێکی بواری مافەکانی مرۆڤەوە لە ئێران بڵاوکراوەتەوە نوسیویەتی : "ئەو هۆڵەی کەمنی تێیدایە پێشتر 18 ژنی تێیدا بوو بەڵام پاش ئەوەی زۆربەیان نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدا دەرکەوت شەش ئافرتیان لە ئێمە جیاکردەوە کە نیشانەکانیان تێیدا نەبوو، لە ئێستادا لە هۆڵەکە تەنها 12 زیندانی تیدا ماوە کە هەموومان توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆناین".

 

محەمەدی دەشڵێت، "ماوەی 11 ڕۆژە کەرەنتینە کراوین، دۆخی تەندروستیمان زۆر خراپە نەخۆشییەکە زۆری بۆ هێناوین و بەرپرسانی زیندانەکەش بەهیچ شێوەیەک  گوێمان پێنادەن ئەو هۆڵەی کە ئێمەی تێیدایە گونجاو نییە بۆ کەرەنتینەکردن".

 

 ئاماژەی بەوەشکردووە، مانگی ڕابردوو بەرپرسانی گرتووخانەکە  زیاتر لە 30ئافرەتی زیندانیکراویان تێکەڵ بە بەئەوان کردووە بەبێ ئەوەی هیچ پشکنینێکی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ بکرێت.  

 

محەمەدی لە نامەکەشیدا داوای لە سەعید نمەکی، وەزیری تەندروستیی ئێران کردووە بە هانایانەوە بچێت و نوێنەرێکی خۆی بە مەبەستی بەدواداچون بۆ دۆخی تەندروستی گرتووخانەی( زنجان)ی ژنان بنێرێت.

 

ئەو ژنە چالاکوانە ئێرانییە لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، باری تەندروستیی زۆر خراپە و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا هیچ چارەسەرێکی پزیشکی بۆ نەکراوە لە هەمانکاتیشدا ماوەی ساڵێک زیاترە ڕێگەی پێنەدراوە بەتەلەفۆنیش گوێى لە دەنگی منداڵەکانی بێت.

 

نێرگز محەمەدی،  پێشتر چەند جارێک لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە زیندانی کراوە، بەڵام لە ساڵی 2014  بەتۆمەتی کۆبوونەوەی لەگەڵ کاسرین ئاشتۆن، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بۆ ماوەی 16 ساڵ زیندانی کراوە.