گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مردنى کارەساتبارى منداڵێک؛ چلکەى پشکنینى کۆرۆنا لە لوتیدا شکا

2020.07.14 - 14:28
مردنى کارەساتبارى منداڵێک؛ چلکەى پشکنینى کۆرۆنا لە لوتیدا شکا

ناس کورد-

خێزانێکى سعودى تووشى شۆک بوون کاتێک منداڵێکیان گیانى لەدەستدا، دواى شکاندنى چلکەى تایبەت بە پشکنینى کۆرۆنا لە لوتیدا، دواى ئەوەى تیمى پزیشکى گومانى توشبوونیان بە کۆرۆنا لێکردبوو، بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەى گەرماى جەستەیەوە.

 

منداڵەکە ناوى عەبدولعەزیز جوفانە و تەمەنى ساڵ و نیوێک بووە، ئێوارەى هەینى خانەوادەکەى بردویانە بۆ نەخۆشخانەى شەقراى گشتى لە ریاز بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى جەستەیەوە و پزیشکێکیش بڕیاریداوە کە لەرێگەى لوتییەوە پشکنینى کۆرۆناى بۆ بکرێت.

 

مساعد جوفان مامى منداڵەکە بە ماڵپەرى عەرەبییەى وتووە، منداڵەکەیان تووشى نەخۆشى درێژخایەن و مەترسیدار نەبووە، تەنها پلەى گەرماى جەستەى بەرز بووە، پزیشکەکە بە پێویستى زانیوە لەرێگەى لوتییەوە پشکنینى بۆ بکرێت.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، چلکەى پشکنینەکە لەلوتى منداڵەکەدا شکاوە، بۆیە پزیشکەکە بڕیاریداوە بە نەشتەگەریی بۆیدەربهێنێت و کاتژمێر یەکى شەو پێی وتوون کە کارەکە کۆتایی هاتووە و توانیویانە ئامێرەکە لە لوتیدا دەریبهێنن.

 

مامى منداڵەکە دەڵێت، چەندینجار داوایان لە کارمەندانى تەندرستى کردووە کە پزیشکەکە ئاگاداربکاتەوە تا لەبارەى دۆخی تەندروسییەوە دڵنیابنەوە، بەڵام ئەوان لە چاوەڕوانیدا هێشتویاننەتەوە.

 

باس لەوەشدەکات، لەکاتژمێر نۆى سەرلەبەیانى منداڵەکە بەشێوەیەکى کتوپڕ هۆشى لەدەستداوە، بۆیە بەپەلە کارمەندانى تەندروستیان ئاگادارکردووەتەوە و دەرکەوتووە کە ناتوانێت هەناسە بدات، بۆیە ئامێرى هەناسەدانى دەستکردیان بۆ بەستووە.

 

مامى منداڵەکە دەشڵێت، کاتێک چونەتە نەخۆشخانە بانگهێشتى پزیشکى پسپۆڕیان کردووە و تیشکیان بۆ کۆئەندامى هەناسە و سییەکانى گرتووە، بەڵام دۆخى خراپتر بووە بۆیە داوایان کردووە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکى تایبەتمەند لە ریاز بۆ رزگارکردنى ژیانى، لەکاتژمێر  12 و18 خولەک رەزامەندیان وەرگرتووە، بەڵام لە نەخۆشخانە هێڵراونەتەوە لە چاوەڕوانى ئۆتۆمبیلى فریاکەوتندا کە کاتژمێر یەک و19 خولەک گەیشتووە، سەرەڕاى ئەوەش منداڵەکە نەگوازراوەتەوە تا عەسر کاتێک کۆچى دواییکردووە.

 

کەسوکارى منداڵەکە داواى لێکۆڵینەوەیان کردووە لە هۆکارى مردنى منداڵەکە. وەزیرى تەندروستى سعودیەش پەیوەندى بە باوکى منداڵەکەوە کردووە و جەختیکردووەتەوە کە بەدواداچوون دەکات.

 

مامى منداڵەکە دەڵێت "چاوەڕوانى سزادانى ئەو کەسانەین کە هۆکارى مردنى منداڵەکەمان بوو".