گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق بڕیارى نوێ دەردەکات بۆ زیادکردنی ماوەى پێدانی کارەبا و کەمکردنەوەی نرخ

2020.07.14 - 13:26
عێراق بڕیارى نوێ دەردەکات بۆ زیادکردنی ماوەى پێدانی کارەبا و کەمکردنەوەی نرخ

ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی نەوت ووزەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت بڕیاریداوە بۆ ماوەی دوومانگ سوتەمەنی بەخۆڕایی بە مۆلیدە ئەهلییەکان بدات، ئەوەش بەمەبەستی زیاترکردنی کاتەکانی  پێدانی کارەبا و کەمکردنەوەی نرخی ئەمپێر لەسەرشانی هاووڵاتیان.

 

سادق سڵێتی، ئەندامى لیژنەی نەوت ووزەی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ ناس کوردى ڕاگەیاند  "بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ ماوەی دوو مانگ ( گاز) بە خۆڕایی دەدرێت بە مۆلیدە ئەهلییەکان بەمەرجێک خاوەن مۆلیدەکە مۆڵەتی کارکردنی هەبێت".

 

وتیشی "بڕیارەکەی حکومەت دوو ئامانجی سەرەکی هەیە کە خۆی دەبینێتەوە لە زیاتر کردنی کاتەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی نرخی (ئەمپێر) لەسەر شانیان بەتاییەتی لەم کاتەدا کە وڵات بە قەیرانێکی ئابوری سەختدا تێدەپەڕێت".

 

سڵێتی ڕوونیکردەوە "بڕیارەی پێدانی سوتەمەنی بە مۆلیدە ئەهلییەکان هاوکات دەبێت لەگەڵ چاودێری وردی حکومەت لەسەر کاری مۆلیدەکان و بەتایبەتی لەڕووی کەمکردنەوەی نرخی پێدانی کارەبا ئەوەش لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە کە لە پارێزگاکان پێکدەهێنرێت".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ (دووشەممە) مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ هەردوو وەزیری نەوت و کارەبا داوایکرد پڕۆژە ڕاوەستاوەکانی کارەبا بە زوترین کات تەواو بکرێن و مۆلیدە ئەهلییەکانیش لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بە خۆڕایی سوتەمەنییان پێبدرێت.

 

لە کۆبووەنەوەکەدا، کازمی بە پێویستیزانی بە شێوەیەکی خێرا گریبەستی کۆمپانیای (سیمنس)ی ئەڵمانی کاربکرێتەوە و کێشەکانی تۆڕی کارەبا نیشتمیانی چارەسەربکرێت.

 

کازمی باسی لەوەشکردووە "هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا ملیارەها دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرج کراوە، بەڵام هاوڵاتیانی عێراق لە وەرزی هاویندا بەدەست بێ کارەباییەوە دەناڵێن، کابینەی پێشووی حکومەتیش ئەو قەیرانەی نەکردووە خاڵی لە پێشینەی خۆی و بە هەند وەرینەگرتووە، بۆیە لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە کێشەکان ئاڵۆزتربوونەتەوە."

 

هاوکات هەر دوێنێ ( دووشەممە) ئەمجەد عیقابی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە عێراقییەکان ڕایگەیاند، سەرباری خەرجکردنی زیاتر لە 40 ملیار دۆلار بۆ باشترکردنی کەرتی کارەبا، بەڵام تائێستا ئەو کەرتە لە دۆخێکی خراپدایە و هیچ پلانێکی ڕاستەقینەش بۆ چاکردنی ئەو خزمەتگوزاریە نییە.

 

بەوتەى عیقابی، ساڵانە عێراق زیاترلە چوار ملیار دۆلار خەرج دەکات بۆ کرێنی سوتەمەنی لە ئێران بۆ ئێشپێکردنی وێستگەکانی تەزوی کارەبا.