گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تاقیکردنەوە نوێیەکان: رەنگە ئاژەڵى لاما هەڵگرى چارەسەرى سیحرى کۆرۆنا بێت 

2020.07.14 - 12:34
تاقیکردنەوە نوێیەکان: رەنگە ئاژەڵى لاما هەڵگرى چارەسەرى سیحرى کۆرۆنا بێت 

ناس کورد-

تاقیکردنەوە زانستییەکان ئاشکرایانکردووە کە رەنگە دژە تەنى ناو خوێنى ئاژەڵى لاما چارەسەرێکى سیحرى بێت بۆ ڤایرۆسى کۆرۆنا و لەئێستادا ئەو جۆرە چارەسەرە تاقیکردنەوەى لەسەر دەکرێت.

 

بەوتەى زانایان، دژە تەنى بچوک لەناو خوێنى ئەو ئاژەڵەدا کە ناسراوە بە تەنى نانۆیی، کۆپیەکى بچوککراوى ئەو دژە تەنانەیە کە سیستەمى بەرگرى جەستەى مرۆڤ دروستى دەکەن.

 

تاقیکردنەوە زانستییەکان دەریانخستووە کە ئەو دژە تەنە سروشتیانە دەکرێت ببنە هۆى لەکارخستنى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەرێگەى گەمارۆدانی جۆرە پرۆتینێکەوە کە بەشێکە لە ڤایرۆسەکە و رۆڵى سەرەکى هەیە لە چوونى کۆرۆنا بۆ ناو خانەکانى جەستە.

 

هێشتا تاقیکردنەوەکان لەو بارەیەوە لە قۆناغێکى سەرەتاییدان، بەڵام بەخێرایی روو لە پێشکەوتنە، توێژەرانى پەیمانگاى روزاليند فرانكلين لە زانکۆى ئۆکسفۆرد هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەى وادەى توێژینەوەکە کە سالێکى پێدەچێت بۆ 12 هەفتە کەمبکەنەوە.

 

توێژەرەوان پێیانوایە پێکهاتەى نانۆیی لەناو جەستەى ئەو ئاژەڵە دەکرێت گەشەى پێبدرێت بۆ ئەوەى بۆ چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا بەکاربهێنرێت.

 

پرۆفیسۆر جیمس نایسمیس بەرێوەبەرى  پەیمانگاى  روزاليند فرانكلين و مامۆستاى زیندەوەرزانى لە زانکۆى ئۆکسفۆرد بە پێگەى دەیلى مەیلى وتووە "ئەو جۆرە پێکهاتەیە دەتوانێت گەشەى ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکى کارا رابگرێت لاى ئەو کەسانەى کە بەدەست توشبوون بە کۆرۆناوە دەناڵێنن".