گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو بەندکراوى سیاسى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەسێدارەدران

2020.07.14 - 09:02
دوو بەندکراوى سیاسى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەسێدارەدران

ناس کورد-

ڕێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو رایگەیاند، حوکمی سێدارەدانى دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەهاباد لە پێش چاوی بنەماڵەی 13 کەس لە کوژراوانی تەقینەوەکەی 10 ساڵ لەمەوبەرى شارى مەهاباد لە بەندیخانەی ئورمیە، جێبەجێ کرا.

 

ڕێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو، ئاماژەى بەوە کرد "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە) حوکمی سێدارەی دوو بەندکراوی مەحکووم بە سێدارەی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا".

 

بەگوێرەى ڕاپۆرتى هەنگاو، ئەو دوو بەندکراوە کە لە بەندی 1_2 ڕاگیرابوون، ڕۆژی ڕابردوو گوازرابوونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەکە.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە، ئەو دوو بەندکراوە لە پیش چاوی بنەماڵەی 13 کەس لە کوژراوەکانی تەقینەوەکەی 10 ساڵ لەمەوبەرى مەهاباد کە لە کاتی نمایشی سەربازی سالوەگەری شەڕی ئێران و عێراق لە مەهاباد، ڕووی دابوو، لەسێدارە دراون.

پێشتریش هەنگاو داواى لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد هەتا گوشار بخەنە سەر حکومەتی ئێران و ڕێگری بکەن لە جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی ئەو دوو بەندکراوە کوردە و لەو بارەوە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەى ئەو دوو لاوەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای دادپەروەری و پێشێلکردنی کارەساتبار و قەرەبوونەکراوی مافی ژیان زانیبوو.

 

لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە بەرپرسانی ئێران کردبوو کە حوکمی سێدارەی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە بێ سێ و دوو هەڵوەشێننەوە بواری دادگایی کردنی دادپەروەرانە بە بێ بەکارهێنانی زۆر و دانپێدانانی زۆرەملی بڕەخسێنن.