گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دژە تیرۆرى عێراق و هەرێم ’’ستراتیژێکى نوێ’’ بۆ هەماهەنگى نێوانیان جێبەجێ دەکەن

2020.07.13 - 23:40
دژە تیرۆرى عێراق و هەرێم ’’ستراتیژێکى نوێ’’ بۆ هەماهەنگى نێوانیان جێبەجێ دەکەن

ناس کورد-

دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق ڕایگەیاند، هەماهەنگییەکى باڵا هەیە لە نێوان هێزەکانیان و هێزەکانى دژە تیرۆر لە هەرێمى کوردستان.

 

دەزگاکە لە هەژمارى فەرمى خۆى لە فەیسبوک ئاماژەى بەوەکردووە، قۆناغى نوێی ئۆپراسیۆنى پاڵەوانانى عێراق، هەماهەنگى و هاریکارى ئەمنى و هەواڵگرى لەئاستێکى بەرز بەخۆوە بینوە لەنێوان هێزەکانیان و دژە تیرۆر لە سلێمانى، بۆ گەڕان بەدواى پاشماوەکانى داعش لە پارێزگاى دیالە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو هەماهەنگییە لەچوارچێوەى ستراتیژێکى نوێدایە بۆ یەکخستنى هەوڵە ئەمنییەکان لەپێناو هێرشکردنە سەر داعش و گەڕان بەدواى شانە نوستووەکانیاندا.

 

قۆناغى نوێی ئۆپراسیۆنى پاڵەوانانى عێراق بۆ گەڕان بەدواى پاشماوەکانى داعش شەممەى ڕابردوو بەسەرپەرشتى راستەوخۆى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان لەسنورى پارێزگاى دیالە دەستیپێکرد.

 

ئۆپراسیۆنەکە بەشدارى 13 هێز کە یەکێکیان هێزەکانى دژە تیرۆرى سلێمانییە و بە پشتیوانى ئاسمانى هاوپەیمانان بەڕێوەدەچێت، ئامانج لێی کێوماڵکردنى روبەرێکە کە بە 17685 كم2 دەخەمڵێنرێت لە سنورى پارێزگاى دیالە، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەکى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق.

 

پێشتر سەباح نوعمان، وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو، "فەوجێکی دژە تیرۆری سەربەیەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشدارە لە ئوپڕاسیۆنەکە".