گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

40 ملياری لە کەرتی کارەبا خەرج کردووە و ئەوەش دۆخەکەیەتی

عێراق ’’ساڵانە چوار ملیار دۆلار دەداتە ئێران بۆ کڕینی سوتەمەنی کارەبا’’

2020.07.13 - 23:33
عێراق ’’ساڵانە چوار ملیار دۆلار دەداتە ئێران بۆ کڕینی سوتەمەنی کارەبا’’

ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ساڵانە عێراق زیاتر لە چوار ملیار دۆلار دەداتە ئێران بۆ کڕینی سوتەمەنی، سەرباری ئەو هەموو پارەیە تائێستا هیچ پلانێکی ڕاستەقینە بۆ باشترکردنی جۆری ئەو خزمەتگوزارییە لە ئارادا نییە.

 

ئەمجەد عیقابی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە عێراقییەکان ڕایگەیاند: "سەرباری خەرجکردنی زیاتر لە 40 ملیار دۆلار بۆ باشترکردنی کەرتی کارەبا، بەڵام تائێستا ئەو کەرتە لە دۆخێکی خراپدایە و هیچ پلانێکی ڕاستەقینەش بۆ چاکردنی ئەو خزمەتگوزاریە نییە".

 

عیقابی ئاشکرایکردووە کە "ساڵانە عێراق زیاترلە چوار ملیار دۆلار خەرج دەکات بۆ کرێنی سوتەمەنی لە ئێران بۆ ئێشپێکردنی وێستگەکانی تەزووی کارەبا."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە "نرخی کارەبا لە عێراق بەڕێژەی 93%دا لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتی کراوە، و زیاتر 269 ملیۆن دۆلار لە پڕۆژەی وزی خۆر بە هەدەر دراوە بەجۆرێک پاش ساڵێک لە دانانی ستونی ڕووناکی وزەی خۆر لە شەقامەکاندا لەدوایدا هەڵگیراون."

 

عیقابی وتوشیەتی، "محاویلەکانی دابەشکردنی کارەبا تائێستا هەمان ئەو محاویلانەن کە لە ساڵانی حەفتاکانەوە لەلایەن وەزارەتی کارەباوە دانراون".

 

بەوتەی ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق، "ئەو تۆڕانەی کە لەدوای ساڵی 2003وە دانراون بۆ کارەبا رێژەکەی لە 1%دا تێپەڕناکات، 600 ملیۆن دۆلار لە سەردەمی وەزیری پێشووی کارەبادا خەرجکراوە لە پڕۆژەی (بەسمایە) کە تائێستا هاوڵاتیانی عێراق بە هیچ شێویەک سودیان لێ نەبینەوە."

 

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەمڕو (دووشەممە) مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ هەردوو وەزیری نەوت و کارەبا داوایکرد پڕۆژە ڕاوەستاوەکانی کارەبا بە زوترین کات تەواو بکرێن و مۆلیدە ئەهلییەکانیش لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بە خۆڕایی سوتەمەنییان پێبدرێت.

 

لە کۆبووەنەوەکەیشدا، کازمی بە پێویستیشی زانیوە بە شێوەیەکی خێرا گریبەستی کۆمپانیای (سیمنز)ی ئەڵمانی کاربکرێتەوە و کێشەکانی تۆڕی کارەبا نیشتمیانی چارەسەربکرێت.

 

کازمی باسی لەوەشکردووە "هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا ملیارەها دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرج کراوە، بەڵام هاوڵاتیانی عێراق لە وەرزی هاویندا بەدەست بێ کارەباییەوە دەناڵێن، کابینەی پێشووی حکومەتیش ئەو قەیرانەی نەکردووە خاڵی لە پێشینەی خۆی و بە هەند وەرینەگرتووە، بۆیە لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە کێشەکان ئاڵۆزتربوونەتەوە."