گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی عێراق و سعودیە لەبارەى ڕێککەوتنەکەى ئۆپیک.. ’’پابەندین’’

2020.07.13 - 21:20
ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی عێراق و سعودیە لەبارەى ڕێککەوتنەکەى ئۆپیک.. ’’پابەندین’’

ناس کورد-

عێراق و سعودیە جەختیانکردەوە لەسەر پابەندبوونى تەواو بە ڕێککەوتنەکەى ڕێکخراوى ئۆپیک بۆ کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوت، بە ئامانجى پشتیوانیکردنى نرخەکەى.

 

ئەو هەڵوێستە هاوبەشە لە میانەى پەیوەندییەکى تەلەفۆنى نێوان عەبدولعەزیز سەلمان، وەزیرى وزەى سعودیە و ئیسحان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوتى عێراقدا هات کە تێیدا گفتوگۆیانکرد لەبارەى رێککەوتنى ئۆپیک و بازاڕى نەوت، ئەوەش بەپێی میدیاکانى سعودیە.

 

وەزیرى وزەى سعودیە ستایشى رۆڵى عێراقى کردووە لەچوارچێوەى پابەندبوون بە رێککەوتنەکە بەو پێیەى ئاستى پابەندبوونى عێراق لە مانگى حوزەیراندا بە رێککەوتنەکە نزیکبووەتەوە لە 90%.

 

متمانەى خۆشى نیشانداوە بەوەى عێراق دەتوانێت بەردەوامى بدات بە ئاستى پابەندبوونى بە رێککەوتنەکە و بەرەوپێشترى ببات.

 

لاى خۆیەوە، وەزیرى نەوتى عێراق جەختى لە پابەندبوونى وڵاتەکەى بە ڕێککەوتنەکە کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، ئاستى پابەندبونیان لە مانگى داهاتووەوە بۆ 100% بەرزدەکەنەوە، لەگەڵ پابەندبوونیان بە قەرەبووکردنەوە لەسێ مانگى داهاتوودا، لەبەرانبەر زیادبوونى ئاستى بەرهەمهێنان لەدوو مانگى ڕابردوودا.

 

هەردوو وەزیر جەختیانکردووەتەوە لەسەر هەوڵەکان بە ئاڕاستە پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە بەو پێیەى بازاڕى نەوت سەقامگیر دەکات و هاوسەنگى بۆ دەگەڕێنێتەوە.

 

نرخى نەوت بەشێوەیەکى باش بوژاوەتەوە لە نزمترین ئاستییەوە کە لە مانگى نیساندا تۆماریکرد، دواى ئەوەى وڵاتانى ئۆپیک پڵەس ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەیەکى بێپێشینەى بەرهەمهێنان بە رێژەى 9.7 بەرمیل نەوتى رۆژانە لەماوەى نێوان ئایار بۆ تەموز.  

  

بڕیارە رۆژانى سێشەممە و چوارشەممە لیژنەى چاودێرى وەزارى هاوبەشى رێکخراوەکە کۆببێتەوە بۆ بەرزکردنەوەى راسپاردەکان لەبارەى ئاستى دواترى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان.  

  

چەند سەرچاوەیەکى ئۆپیک بە ئاژانسى رۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، پێشبینى دەکەن ئاستى بەرهەمهێنان بگاتە 7.7 ملیۆن بەرمیلى رۆژانە لەبەرچاوگرتنى زیادبوونى خواست و بەرزبوونەوەى نرخەکەی.