ناس کورد-
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دا لە پەرەسەندنی زیاتری پەتای کۆرۆنا و دەڵێت، وڵاتانی جیهان بەپێی پێویست پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و بەرگرتن لە نەخۆشییەکە نین ئەوەش مەترسی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز، تیدۆرس ئەداهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە: "مەترسی ئەوە هەیە پەتای کۆرۆنا بەشێوەیەکی زۆر خراپرتر تەشەنە بکات لە کاتێکدا کە دەبوایە دۆخەکەی بەوشێوەیە نەبوایە".
ئەدهانۆم ئاماژەی بەوەشکردووە: "بەشێکی زۆرلە وڵاتانی جیهان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ڕێکارەکانی بەرگرتنیان لە نەخۆشییەکە پەیڕەو نەکردووە، لەسەر ڕێگای هەڵەن دەڕۆن و ڤایرۆسەکەش دوژمنی ژمارە یەکە لە جیهاندا".
لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لە جیهاندا 13 ملیۆن توشبووی تێپەڕاندووە و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش بەهۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسەکەوە مردون.