گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هێزەکانمان سنوریان نەبەزاندووە’’

ناس کورد وەڵامى ئەو هێزەى عێراق کە هاتووەتە ناوچەکانی گەرمەسێر بۆ پێشمەرگە ئاشکرادەکات

2020.07.13 - 20:23
ناس کورد وەڵامى ئەو هێزەى عێراق کە هاتووەتە ناوچەکانی گەرمەسێر بۆ پێشمەرگە ئاشکرادەکات

 ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، چوونى هێزەکانیان بۆ ناوچەکانی گەرمەسێر بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و سنوری دیاریکراوى خۆیان نەبەزاندووە، هەرکات ئەرکەکانیان تەواو بوو ناوچەکە بەجێدەهێڵن.

 

شەممەى ڕابردوو سوپای عێراق بە فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان قۆناغێکى نوێی ئۆپراسیۆنی "پاڵەوانانی عێراق"ی دەستپێکرد لە ناوچە سنورییەکانی پارێزگای دیالە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەمەبەستی قەڵاچۆکردنى چەکدارانی داعش لەو ناوچانەوە پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان.

 

ئۆپراسیۆنەکە نیگەرانى هێزەکانى پێشمەرگەى لێکەوتووەتەوە بەو پێیەى هێزە عێراقییەکان چوونەتە هەندێ لەو ناوچانەى کە بەسنورى پێشمەرگە دادەنرێن، مەحمود سەنگاوى فەرماندەى  سنورى گەرمەسێرى پێشمەرگە ئەمڕۆ هەڕەشەى روبەڕووبونەوەى هێزە عێراقییەکانى کرد ئەگەر سنورەکە جێنەهێڵن.

 

بەپێی گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە دەست ناس کورد کەوتووە، مەحمود سەنگاوى کە لەناو هێزێکى پێشمەرگەدایە بە تەلەفۆن  لەگەڵ کەسێک قسە دەکات و دەڵێت "ئاگاداریان دەکەین کە بچنەوە شوێنەکانى خۆیان ئەگینا شەڕ دەستپێدەکات، لەبەرئەوەى چوادەوریانمان گرتووە".

 بەڵام تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق  بە ناس کوردی وت "هێزەکانمان سنوری دیاریکراوی خۆیان نەبەزاندووە لەو ناوچانە ئۆپڕاسیۆن دەکەن کە سەر بە حکومەتی فیدراڵییە و هەرکات ئەرکەکانیشان کۆتایی هات دەگەرێنەوە بارەگاکانی پێشوویان". 

 

رونیشیکردەوە، ئۆپراسیونەکەی حکومەتی عێراق تەنها لە ناوچە سنورییە دوورە دەستەکانی پارێزگای دیالە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدەرێت بەتایبەتی لە بەرزاییەکانی حەمرین و ناوچەکانی دەوربەری، کە مەبەست لێی خاپورکردنی حەشارگەکانی چەکدارانی داعشە لەو ناوچانە، لە پارێزگاکانی کەرکوک، نەینەوا و سەڵاحەدین بەڕێوە ناچێت.

 

ئۆپراسیۆنەکە کە قۆناغی سێهەمی ئۆپراسیۆنی  پاڵەوانانی عێراقە بە بەشدارى 13 هێز و پشتیوانى ئاسمانى هاوپەیمانان بەڕێوەدەچێت و ئامانج لێی  کێوماڵکردنى روبەرێکە کە بە 17685 كم2 دەخەمڵێنرێت لە سنورى پارێزگاى دیالە.

 

 "لەو ئۆپراسیۆنەدا هێزەکانی پێشمەرگە (حرس الإقليم) و هێزەکانی دژە تیرۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەربە پارێزگای سلێمانی هاوشان لەگەڵ سوپای عێراق و هێزەکانی دژە تیرۆر حکومەتی فیدراڵی بەشدارن"، تەحسین خەفاجی وای وت.

 

هەرچەندە وەزارەتى پێشمەرگە بەفەرمى بەشداربوونى لە ئۆپراسیۆنەکە ڕانگەیاندووە، بەڵام دوو رۆژ لەمەوبەر سەباح نوعمان، وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو، "فەوجێکی دژە تیرۆری سەربەیەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشدارە لە ئوپڕاسیۆنەکە".

 

ئۆپراسیۆنە نوێیەکەى عێراق دواى رێککەوتنەکەى ئەمدواییەى نێوان هەردوو وەزارەتى بەرگرى عێراق و پێشمەرگە دێت بۆ دانانى سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەش لەناوچە جێناکۆکەکان.

me_ga.php?id=572

وتەبێژەکەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق جەختیکردەوە "هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزی هەماهەنگیدان و ڕۆژانەش ڕاپۆرتەکان لەگەڵ یەکتر ئاڵۆگۆڕدەکەن".