گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بازرگانی دەستپێدەکاتەوە؟

هەناردە و هاوردەکارانى هەرێم پێشبینى خۆى بۆ قەبارەى دابەزینى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەمساڵدا ئاشکرادەکات

2020.07.13 - 18:14
هەناردە و هاوردەکارانى هەرێم پێشبینى خۆى بۆ قەبارەى دابەزینى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەمساڵدا ئاشکرادەکات

ناس کورد-

سەرۆکی یەکێتی هەناردە و هاوردەکارانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ئاڵوگۆڕى بازرگانى رووى لە ئاسایبوونەوە کردووە، بەڵام پێشبینی دەکەن ئەو زیانەى لەمساڵدا بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا بەر ئەو کەرتە دەکەوێت خۆى بگەیەنێت لە 20% بەراورد بە ساڵى ڕابردوو.

 

بەپێی ئامارەکانى یەکێتى وەبەرهێنەران، قەبارەى ئاڵوگۆڕى ساڵانەى بازرگانى نێوان هەرێم و ئێران نزیکەى شەش ملیار دۆلارە، لەگەڵ تورکیاش 15-20 ملیار دۆلارە.

 

مستەفا عەبدوڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هەناردە و هاوردەکارانى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "جموجۆڵى بازرگانى لەگەڵ تورکیا و ئێران بەرەو ئاسایی بوونەوە چووە، دواى ئەوەى بەهۆى کەرەنتینە و بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە رووى لە سستى کردبوو".

 

وتیشى، "جگە لە کۆرۆنا دواکەوتنى دابەشکردنى موچەش کاریگەرى لەسەر جموجۆڵى بازرگانى دروستکردبوو، چونکە کاڵا هاوردەکراو کەمتر ساغ دەبووەوە، بەڵام ئێستا کە موچە دابەشدەکرێت ڕەوشەکە بەرەو ئاسایی بوونەوە چووە".

 

مستەفا عەبدوڕەحمان باسى لەوەشکرد، پێشبینى دەکەن قەبارەى جموجۆڵى بازرگانى لەگەڵ ئێران کە پێشتر لە سنورى شەش ملیار دۆلاردا بووە و لەگەڵ تورکیا 20 ملیار دۆلار بووە، بەڕێژەى نزیکەى 20% روو لە کەمبوونەوە بکات تا کۆتایی ئەمساڵ.

 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان لەئازارى ئەمساڵدا، هەرێمى کوردستان سنورەکانى داخست بەرووى هاتوچۆى هاوڵاتیاندا، بەڵام بە ڕێژەیەکى سنوردار جموجۆڵى بازرگانى لەو دەروازانە بەردەوام بوو.

 

مستەفا عەبدوڕەحمان وتى "ئێستا سەرجەم سنورەکان کراوەیە و ئاڵوگۆڕى بازرگانى بەخۆوە دەبینن و هاوردە و هەناردەى کاڵا بەردەوامە".