گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کە نمونەی نەبووە لە 50 ساڵی ڕابردوودا’’

کۆرۆنا و نەوت هەڕەشەی ’’دۆخێکی مەترسیدار’’ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن

2020.07.13 - 17:59
کۆرۆنا و نەوت هەڕەشەی ’’دۆخێکی مەترسیدار’’ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن

ناس کورد-

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات ئەمساڵ گەشەی ئابوری وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە ڕێژەیەکی بەرچاو سستی بەخۆیەوە ببینێت کە یەکەمجارە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا دوچاری دۆخێکی لەو شێوەیە بووبێتەوە.

 

بە هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێس، سندوقەکە ڕاپۆرتێکیدا باسی "ئەو گێژاوەی کردووە کە دوچاری ئابوری جیهان بووەتەوە بە تایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا."

 

ڕاپۆرتەکە پێشبینی کردووە کە "هەژاری و بێکاری لەو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە رێژەیەکی مەترسیدار هەڵکشان بەخۆیانەوە ببینن کە ئەوەش وابکات ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و کورتهێنانی زیاتر بودجەی ئەو وڵاتانەی لێبکەوێتەوە."

 

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت، "پیشبینی دەکرێت سستی ئابوری ئەمساڵی ئەو ناوچانە بگاتە 5.7کە ئەوەش بەرزترین ڕێژەیە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا."

 

دەشڵێت، "گەشەی ئابوریی ئەو وڵاتانەی کە داهاتیان بەندە لەسەر فرۆشتی نەوت و وزە وەک وڵاتانی کەنداو بەڕێژەی 7.1% دێتە خوارەوە."

 

جیهاد ئیزعور، بەڕێوەبەری بەشی خورهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەوەی ئاسیا لە سندوقەکە بە فرانس پڕێسی وتووه: "بەهۆی ڕێکارەکانی بەرگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئابوری ئەو وڵاتانە دوچاری قەیرانێکی گەورە بووەتە  بە تایبەتی دوای داڕوخانی نرخی نەوت لە جیهاندا".

 ئیزعور پێشبینی کردووە ئەو وڵاتانەی کە بەرهەمهێنی نەوتن لە ناوچەکەدا نزیکەی 270 مليار دۆلار بۆ ئەمساڵ داهاتیان کەم بکات.

 

دەشڵێت، "پێشبینی دەکرێت ئابوری ئەو وڵاتانەی کە لە ناوچەکەدا دوچاری شەڕ و ئاڵۆزی بوونەتەوە و ژێرخانیان لاوازە سستییەکی زۆر بەخۆیەوە ببینێت و بگاتە نزیکەی 13%."

 

ڕاپۆرتەکەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئەمساڵ داهاتی تاک لەو وڵاتانەی دوو هەزار و 900 دۆلار بووە کەم دەبێتەوە بۆ دوو هەزار دۆلار، ئەوەش وادەکات کێشەکان زیاتر قوڵببنەوە وئاڵوزی کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە".

 

هاوکات چاوەڕێ دەکرێت "ئاستی قەرزی چەند وڵاتێکی ناوچەکە بەشێوەیەکی مەترسیدار بەرزبێتەوە بە جۆرێک ئاستی قەرزی سودان 258%دا بەرزبێتەوە و  وڵاتی لوبنانیش بە ڕێژەی 183% بەراورد بە بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەی بۆ ئەمساڵ بەرزبێتەوە."