گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کارێکی نامرۆڤانەی یۆنان.. جێهێشتنی پەنابەران لە دەریای ئیجەدا بەزیندوویی

2020.07.13 - 13:38
کارێکی نامرۆڤانەی یۆنان.. جێهێشتنی پەنابەران لە دەریای ئیجەدا بەزیندوویی

ناس کورد-

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران باس لە کارێکی نامرۆڤانەی حکومەتی یۆنان دەکات بەرامبەر پەنابەران دەڵێت، چەندین حاڵەت ڕوویداوە کە پاسەوانانی سەرسنوری یۆنان، پاڵیان بە بەلەمە ڕزگارکەرەکانی پەنابەراندا ناوەو لە دەریای ئیجەدا و دووریان خستوونەتەوە و لە دەریادا جێیانهێشتوون.

 

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند: "لە 23ی ئازار کۆمەڵێک خەڵک کە لەنێو بەلەمی ڕزگارکەردا بوون لە دەریایی ئیجە دۆزرانەوە کە لە دەرەوەی بەندەری داتچادا بوون کە سەر بە خاکی تورکیایە و دەکەوێتە باکوری دورگەی سیمی سەر بە یۆنان."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: " ووتەکانی 31 کەسەکە هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد بە جۆرێک بۆ هەندێک کەس سەخت بوو کە بڕوا بکات، ووتیان کە پاسەوانەکانی سەرسنوری یۆنان ئەوانیان خستۆتە سەر ئەم بەلەمانە و بەجێیان هێشتوون، پاش چوار ڕۆژ بەلەمێکی ڕزگارکەری دیکە لە هەمان شوێن دۆزرایەوە کە ئەمەیان 10 کەسی تێدابوو و هەمان ووتەی 31 کەسەکەی پێشوویان دا کە پاسەوانەکانی یۆنان ئەمەیان ئەنجامداوە."

 

ئاری جەلال باسی لەوەشکردووە، لەو کاتەوە 21 حاڵەتی لەو جۆرە لە نێو دەریای ئیجەدا تۆمارکراو کە 44 بەلەمی ڕزگارکەر  754 کەسی لەسەر بووە و هەموو ئەو کەسانەی ڕزگارکراون هەمان ووتە دەدەن.

 

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای هەموو ئەمانە، پاسەوانانی سەر سنوری یۆنان و حکومەتی یۆنانیش نکۆڵی لێدەکەن و دەڵێن کە ئەمانە "هەواڵی بێ بنەمان" یاخود دەڵێن کە "پڕوپاگەندەی تورکیایە" بۆ ئەوەی کێشەکان وون بکەن، سەرەڕای پیشاندانی چەندین ڤیدیۆ کە دەریدەخات کە کەشتیەکانی یۆنان ئەم بەلەمانە پاڵ دەنێن، بەڵام هێشتا دانی پێدا نانێن و نکۆڵی لێدەکەن.

 

ئاری جەلال ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەپێی تۆمارەکانی حکومەتی یۆنان بێت بەلەمە ڕزگارکەرەکانی لە ساڵی ۲٠۱۷دا بۆ هێزی دەریایی یۆنانی کڕیوە، لە مانگی ئازارەوە هەتاکو ئێستا ۱۹۱ حاڵەت تۆمارکراوە کە (٦۱٤٤ کەس بوون) و لەلایەن پاسەوانانی سەر سنوری تورکیاوە ڕزگارکراون و هەموویان دەڵێن پاسەوانانی یۆنان پاڵیان ناونەتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان.

 

سەرۆکی دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەشكردووە: "دەرکردنەکان و پاڵنانەکان هەموو ڕۆژێک لە دەریای ئیجە دووبارە دەبنەوە و یۆنان بەردەوام دەبێت لەم کارە نامرۆڤانەیە، یۆنان مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات هەتا ئەو ڕۆژەی دووبارە ئەوروپا بڕیار دەدات کە مافەکانی مرۆڤ بخاتەوە سەر لیستی کارەکانی."