گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

توێژینەوەیەكی بەریتانی: کۆرۆنا وەک پەتای وەرزی و ئەنفلۆنزای لێدێت و ئەگەری توشبوونەوە هەیە

2020.07.13 - 11:33
توێژینەوەیەكی بەریتانی: کۆرۆنا وەک پەتای وەرزی و ئەنفلۆنزای لێدێت و ئەگەری توشبوونەوە هەیە

ناس کورد- 

توێژینەوەیەکی بەڕیتانی ئاشکرایکرد، ئەوانەی كە لەپەتای كۆرۆنا چاكدەبنەوە دوای سێ مانگ توانای بەرگریان لەدژی ڤایرۆسەکە لەدەستدەدەن و ئەگەری ئەوە هەیە جارێكی دیكەش تووشببنەوە، هەروەكو توشبوونی ساڵانەی مرۆڤ بەپەتای وەرزیی زستان بۆ نمونە ئەنلفۆەنزا و سەرما بردوویی.

 

لەتوێژینەوەكەدا كە ژمارەیەك زانا هەستاون بەشیكردنەوەی كاردانەوە بەرگرییەكان بۆ زیاتر لە 90 نەخۆش و كارمەندی تەندروستی لەدەستەی خزمەتگوزاری تەندروستیی نیشتیمانی بەریتانیا ( NHS )، ئاستی كاردانەوەی  تەنە دژەكان دۆزراوەتەوە كە دەتوانێت ڤایرۆسەكە لەناو ببات دوای سێ هەفتە لەدەركەوتنی نیشانەكانی و دواتر بەخێرای نامێنێت.

 

دكتۆر كاتی دۆرز، ئامادەكاری سەرەكی توێژینەوەكە لە کۆلێژی گینگەری لەندەن، بە ڕۆژنای گاردیانی بەڕیتانی وتووە: "چەندین نمونە كاردانەوەی باشییان هەبووە لەبەرهەمهێنانی تەنیی دژە ڤایرۆس، بەڵام دوای ماوەیەكی كەم ئەو كاردانەوەیە نەماوە یاخود كەم بووەتەوە." 

 

بەپێی پشكنینی خوێنی ئەو نەخۆشخانە دەركەوتووە، لە 60%ی توشبووان كاردانەوەیەكی بەهێزیان بۆ شەڕ كردن لەگەڵ ڤایرۆسەكەدا هەیە و 17%یان ئەو هێزی بەرگرییەیان تا سێ مانگ دەمێنێت، بەڵام لەهەندێ حاڵەتدا لەو ماوەیەدا ئاستی دژەتەنەکان بۆ 23 جار كەمتر دادەبەزێت و لەهەندێ حاڵەتی دیكەشدا ئەو دژەتەنانە نادۆزرێنەوە لەجەستەدا.

 

دۆرز ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، توێژینەوەكە كاریگەری بۆ بەرەو پێشخستنی ڤاكسین و بیرۆكەی گەشەدانی بە بەرگری لاشە هەیە كە هەندێک وڵات بەدوایدا دەگەڕێن، هەروەها بەپێی ئەنجامی ئەو توێژینەوەیەش ئاماژەیەك هەیە بۆ ئەوەی دووبارە توشبووان جارێكی دیكە تووشببنەوە، واتا هەموو ساڵێك تووشی پەتاكە ببنەوە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "توشبووەكان باشترین سیناریۆت لەكاردانەوەی دژەتەنەکان پێدەبەخشن، چونکە لەکاتی توشبووندا ئاستێك لەتەنی دژ دروستدەكات تا ماوەی دوو بۆ سێ مانگیش دەمێنێتەوە و ئەگەری ئەوەش هەیە ڤاكسینەكەش هەمان كاربكات." 

 

باسی لەوەشكردووە، یەك جار پێدانی ڤاكسین ڕەنگە بەس نەبێت بۆ پاراستن لەڤایرۆسەكە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ.

 

هەر بەپێی توێژینەوەكە، ئاستی دژەتەنەکان جاری واهەیە بەرز دەبێتەوە و بۆ ماوەیەكی درێژتر لەحاڵەتی توشبوونی نەخۆشەكە بەچەند نیشانەیەكی توند و سەخت دەمێنێتەوە و ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو نەخۆشانەی كە ڤایرۆس زیاتر دەچێتە جەستەیانەوە دژەتەنی زیاتر بۆ شەڕی ئەو پەتایە دروستدەكەن.

 

ڕۆژنامەكە دەشڵێت، ئەو توێژینەوەیە یەكەم كارە كە بۆ چاودێریكردنی ئاستی دژەتەنەکان لەلای نەخۆش و كارمەندانی نەخۆشخانەكان ئەنجامدراوە و دوای سێ مانگ لەدەركەوتنی نیشانەی نەخۆشییەكە.