گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بە بودجەی 350 ملیۆن دینار

شارەوانی سلێمانی تا كۆتایی ئەمساڵ دەیەوێت هەزار چاڵ پڕبكاتەوە

2019.04.18 - 17:04
App store icon Play store icon Play store icon
شارەوانی سلێمانی تا كۆتایی ئەمساڵ دەیەوێت هەزار چاڵ پڕبكاتەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد-ئەحمەد مستەفا

شارەوانی سلێمانی لەپلانیدایە تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم ئەو شەقامانەی لەسلێمانی چاڵ و چۆڵی تێدا دروستبووە، وەك چارەسەرێكی كاتی نۆژەنیان بكات.

.

زەردەشت ڕەفیق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بەناس كورد-ی ڕاگەیاند"پڕۆسەی نۆژەنكردنەوەی شەقامە سەرەكییەكانی شاری سلێمانی و ناو بازاڕ تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، لە ئێستادا پڕۆسەكە لەشەقامە سەرەكییەكانی سلێمانی و لە 60 مەتری دەستیپێكردوە و دواتر دەست بە نۆژەنكردنەوەی شەقامی 30 مەتری و لەپاشان ناو بازاڕ دەكرێت".

.

شارەوانی سلێمانی لە 15ی نیسان 2019، بڕیاریدا بە نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی سلێمانی، گەرچی ساڵانە ئەو پڕۆسەیە بۆ نۆژەنكردنەوەی شەقامەكان دەكرێت، بەڵام شارەوانی ئەوە وەك چارەسەرێكی كاتی بەكاردەهێنێت.

.

سلێمانی، خاوەنی شەقامێكی بازنەیی 60 مەترییە كە بە شەقامی "مەلیك مەحمود" ناسراوە، ڕۆژانە و بە بەردەوام هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی گشتی تێدا دەكرێت، بەڵام شەقامی 30 مەتری و ناوبازاڕ زیاتر بۆ ئۆتۆمبێلە تایبەتەكان بەكاردەهێنرێت، لە پلانێكیشدا هاتوچۆی سلێمانی لەمانگی شوباتی ئەمساڵ ئاڕاستەی بەشێك لە شەقامەكانی ناو شاری گۆڕی.

.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانی سلێمانی، روونیدەكاتەوە، لەشەقامەكانی شاری سلێمانی نزیكەی 1000 چاڵ و چۆڵی هەیە، كە شارەوانی پلانی هەیە بە بودجەی 350 ملیۆن دینار و تا كۆتایی مانگی 12ی ساڵی 2019، وەك چارەسەرێكی كاتی سەرجەم چاڵ و چۆڵی شەقامەكان نۆژەن بكاتەوە.

.

"هۆكاری خاو بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە، هەبوونی لۆدێكی زۆری هاتوچۆیە لەسەر شەقامەكان و شارەوانی سلێمانی بۆ پڕۆسەكەشی تەنها یەك كارگەی قیر بەكاردەهێنێت كەبەردەوام پێویستی چاككردن هەیە، دۆخی كەشو هەواش لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕێگر بووە لە خێراكردنی پڕۆسەی نۆژەنكردنەوەكە"زەردەشت ڕەفیق وای وت.

.