گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى نوێ لەبارەى دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا

دواى ناردنى ڕاپۆرت لەسەر نەوت و داهات ’هەرێم چاوەڕێى هەڵكردنى گڵۆپى سەوز لە بەغدا دەكات’

2020.07.13 - 08:37
دواى ناردنى ڕاپۆرت لەسەر نەوت و داهات ’هەرێم چاوەڕێى هەڵكردنى گڵۆپى سەوز لە بەغدا دەكات’

ناس کورد- 

تائێستا حكومەتى عێراق وەڵامى ڕاپۆرتەكەى حكومەتى هەرێمى كوردستانى نەداوەتەوە كە تايبەت بوو بە داهاتە نەوتيەكان و داهاتەكانى تر و ژمارەى فەرمانبەران و چەند بابەتێكى تر، چاوەڕوانيش دەكرێت كۆتايى ئەم هەفتەيە گەڕێكى ترى دانوستانەكانى نێوان هەردولا دەستپێبكاتەوە.

 

بەگوێرەى راپۆرتى بەشێک لە میدیا عێراقییەکان، لەڕاپۆرتەكەى هەرێمى كوردستان بۆ حكومەتى بەغدا هاتوە، هەرێم ڕۆژانە 467 هەزار بەرميل نەوت بەرهەم دەهێنێت، 30 هەزار بەرميل لەناوخۆ بەكاردەهێنرێت و ئەوى ترى هەناردە دەكرێت، هەروەها چەند داهاتێكى تريشى تيابوە لە ڕاپۆرتەكەدا نەنەتوانراوە بزانرێت چين.

 

ئەندامێكى وەفدى دانوستانكارى حكومەتى هەرێمى كوردستان باسى لەوەكردوە، وەفدەكەيان چاوەڕێى وەڵامى بەغدايە سەبارەت بە سەردانە چاوەڕوانكراوەكە، ئەگەرى هەيە سەردانەكە لە كۆتايى ئەم هەفتەيەدا بێت و بە سەرۆكايەتى "قوباد تاڵەبانى" جێگرى سەرۆكى حكومەت دەبێت.

 

نێچيرڤان بارزانى، سەرۆكى هەرێمى كوردستان لەكاتى كۆبونەوەكانى لە سەردانەكەى دواييدا بۆ بەغدا جەختى كردبوەوە، ئێستا كاتى ئەوەيە بگەينە لێكتێگەيشتنى هاوبەش و چارەسەركردنى كێشەكان بەشێوەيەكى كۆتايى، ئەوەش لەڕێگەى ڕێكکەوتنى گشتگير بەشێوەيەك هەردولا پێى ڕازى بن و دابينكردنى ئارامى و سەقامگيرى و دادپەروەرى و پێشخستنى ئێستا و داهاتوى عێراق.

 

سەرچاوەيەك کە نەیویستووە ناوى بهێنریت بە میدیاکانى راگەیاندووە، گەيشتنە ڕێكکەوتن بووە بە بابەتێكى گرنگ و پێويست، ئەو دۆسیانەى كە بڕیارە باس بكرێن تايبەتن بە شايستە داراييەكانى هەرێمى كوردستان، نەوت، داهاتە نانەوتيەكان و گومرگ و خاڵە سنوريەكان.

 

دواى چەندين دانيشتن لەنێوان هەرێم و بەغدا و گۆڕينى كابينەى وزارى حكومەتى عێراقيش تائێستا هەردولا نەيانتوانيوە بگەنە ڕێكکەوتنێك.

 

بەپێى وتەى سەرچاوەيەكى ئاگادار، حكومەتى بەغدا دانيناوە بەسەرجەم ئەو دۆسیانەى كە وەفدى كوردى پێشكەشى كردون لەماوەى ڕابردودا، لەوانەش بەرهەمى نەوت كە 467 هەزار بەرميل ڕۆژانەيە و 30 هەزارى بۆ ناوخۆ بەكاردەهێنرێت، هەروەها ئەو ژمارانەى كە سەبارەت بە داهاتەكانى تر پێشكەش كراون.

 

سەبارەت بە وەڵامى بەغدا تايبەت بە گرێبەستى كۆمپانيا نەوتيەكان كە هەرێم ئەنجامى داون سەرچاوەكە باسى لەوەكردوە، بەغدا دانيناوە بەو گرێبەستانەشدا، بەڵام دەڵێت لە ئێستادا بارودۆخى دارايى سەختە و داوايان لە هەرێم كردوە لەئێستادا كاروبارەكان لاى خۆيانەوە ڕێكبخەن، هەروەها پێويستيشە هەردولا بگەنە رێكکەوتن.

 

پێشتريش مەسرور بارزانى، سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان باسى لەوەكردبوو، دانوستان لەگەڵ حكومەتى بەغدا بەردەوامە لەپێناو يەكلايى كردنەوە سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەكان، ئەوەش لەرێگەى ڕێكکەوتنێكەوە كە لەسەر دەستور بنياد نرابێت.

 

ئەوەشى ڕونكردبوەوە، پێويستە ئاليەتێك بۆ هەماهەنگى ئەمنى هاوبەش لەنێوان هێزەكانى پێشمەرگە و سوپاى عێراقى لە ناوچە كوردستانيەكانى دەرەوەى ئيدارەى هەرێم چالاك بكرێت.