گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات

تەندروستى سلێمانى بۆ ناس کورد: کۆرۆنا لە تەشەنەکردنى زیاتر وەستاوە

2020.07.12 - 23:41
تەندروستى سلێمانى بۆ ناس کورد: کۆرۆنا لە تەشەنەکردنى زیاتر وەستاوە

ناس کورد-

جێگرى بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى ڕایگەیاند، ئامارەکانى کۆرۆنا لەسنورى پارێزگاکە تاڕادەیەک سەقامگیرە و ڤایرۆسەکە لە تەشەنەکردنى زیاتر وەستاوە، بەڵام پێویستیان بەدوو بۆ سێ هەفتەى دیکەیە تا بڵێن ئامارەکە روو لە داکشانە یان هەڵکشان.

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، لە 24 کاتژمێرى رابردوودا 254 توشبووى نوێ لە شارەکانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوون، کە 55 توشبوویان لە سلێمانی بوون. هەروەها لەکۆى 14 گیانلەدەستدان پێنجیان لە سلێمانى بوون.

 

هێرش سەلیم جێگرى بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "بەشێوەیەکى گشتى ئێستا دۆخەکە لە سلێمانى سەقامگیرە و لەسەر یەک هێڵ دەڕوات، ڤایرۆسەکە لە تەشەنەکردنى زیاتر وەستاوە".

 

وتیشى "پێویستمان بە دوو بۆ سێ هەفتەى دیکەیە تا زیاتر دۆخەکەمان بۆ روون بێتەوە و هەڵسەنگاندنى تەواو بۆ دۆخەکە بکەین، ئەوکات دەتوانین بڵێین ئامارەکە روو لە دابەزینە یان بەرزبوونەوە".

 

هاوکات د.سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى رایگەیاند "لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو (١٩٩٠) کەس لە شاری سلێمانی چاک بوونەتەوە لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ١٣/٥/٢٠٢٠ تا ئیمرۆ (٢٨٥٧) کەس چاک بونەتەوە".

 

بەپێی ئامارەکان، سلێمانى زۆرترین حاڵەتى توشبوون و مردنى تێدایە بە کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان، لەکۆى 9544 توشبوو، 6515ى لە سلێمانییە، هەروەها لەکۆى 326 حاڵەتى مردن، 268 حاڵەتى لە سلێمانى تۆمارکراوە.