گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كازمى: حكومەت بەردەوام دەبێت لە رێگەگرتن لە گەندەڵكاران 

2020.07.12 - 22:12
كازمى: حكومەت بەردەوام دەبێت لە رێگەگرتن لە گەندەڵكاران 

ناس کورد- 

سەرۆكوەزيرانى عێراق جەختدەكاتەوە، حكومەت بەردەوام دەبێت لە رێگەگرتن لە گەندەڵكاران ئەوانەى خاڵە سنوريەكانیان قۆستۆتەوە و پلانيش بۆ پێشخستنى خاڵە سنورییەکان دانراوە. 

 

نوسينگەى ڕۆژنامەوانى مستەفا كازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، ئەمڕۆ (يەكشەممە) سەرۆكوەزيران (سەرۆكى گشتى هێزە چەكدارەكانى عێڕاق) سەرۆكايەتى كۆبونەوەيەكى ئەنجومەنى وزارى بۆ ئاسايشى نيشتمانى كردوە و تێيدا چەندين بابەت تاوتوێ كراون.

 

ڕونيشكراوەتەوە، لەكۆبونەوەكەدا كازمى ئەو رێوشوێنانەى پێشكەش كردوە كە لەكاتى سەردانەكەى بۆ خاڵى سنوريى مەندەلى گرتونيەتە بەر، ئەوەش بە ئامانجى هەستانەوەى ئەو خاڵە سنوريیە و شەڕى دژى گەندەڵى لەسەرجەم خاڵە سنوريەكانى تر.

 

راگەیەندراوەکە لەزارى كازميەوە باسى لەوە كردوە، حكومەت بەردەوام دەبێت لە رێگەگرتن لە گەندەڵكاران لە بەکارهێنان و قۆستنەوەى خاڵە سنوريەكان، هەروەها پلانيش دانراوە بە پێشخستنى ئەو خاڵە سنوريانە و پشتگيرى كردنيان و هەستانەوەيان و باشتركردنى ئەدايان.

 

هەر لە كۆبونەوەكەدا باسى پێشێلكاريەكانى توركيا بۆ سەر خاك و ئاسمانى عێراق كراوە و جەخت لەوە كراوەتەوە، كە پێويستە گفتوگۆى دبلۆماسى لەگەڵ ئەو وڵاتە بەردەوام بێت بۆ وەستاندنى دەستدرێژيەكانى بۆ سەر سەروەرى خاكى عێراق و خراپ مامەڵەكردن لەسەر پەيوەنديەكانى نێوان هەردوو وڵاتى هاوڕێ، ئەوەش سەرەڕاى زيانگەياندنى بە گيان و سەروەت و سامانى هاووڵاتيان.

 

هەر بەپێى راگەیەندراوەکە، گفتوگۆش لەسەر بابەتى خۆپيشاندەران و پاراستنى ئارامى ئەو خۆپيشاندانانە كراوەتەوە بەشێوەيەك كە لەگەڵ ئازادى ڕادەربڕين بگونجێت وسەروەرى ياسا و هەيبەتى دەوڵەت پارێزراو بێت، هەروەها باس لە مەلەفى تيرۆركردنەكان كراوە و جەخت كراوەتەوە كە پێويستە لايەنە تايبەتمەندەكان بە ئەركەكانيان هەستن و بە خێرايى ئەنجامى لێكۆڵينەوەكان و ناسنامەى تاوانباران ئاشكرا بكەن و نەرمى نەنوێنرێت لە ڕاپێچكردنيان بۆ بەردەم دادگا.