گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەگەڵ سەرۆککۆماردا چییان باسکرد؟

لەبارەى کێشەکانى هەرێم و بەغدا ئەمیرى کۆمەڵ و ئەمیندارى یەکگرتو لەگەڵ سەرۆککۆمار کۆبوونەوە

2020.07.12 - 19:56
لەبارەى کێشەکانى هەرێم و بەغدا ئەمیرى کۆمەڵ و ئەمیندارى یەکگرتو لەگەڵ سەرۆککۆمار کۆبوونەوە

ناس کورد-

بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراق و عەلى باپیر ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى و سەڵاحەدین بەهادین ئەمیندارى گشتى یەکگرتوو لەدوو دیدارى جیادا جەختیان کردەوە لەسەر چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا و یەکلاکردنەوەى پرسی بودجە و موچە.

 

ئەو هەڵوێستە هاوبەشە لە دوو سەردانى جیاجیاى عەلى و باپیر و سەڵاحەدین بەهادیندا هات لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەنراوى فەرمى کۆبوونەوەکان.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوێکى سەرۆکایەتى کۆمار، لەکۆبوونەوەکەى نێوان بەرهەم ساڵح و عەلى باپیردا، جەختکراوەتەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی ئێستا بە رێگای گفتوگۆی جددی لە نێوان سەرجەم لایەنەکان بۆ گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو و کۆتایی ھێنان بە کێشە و قەیرانەکان و ھێنانەدی ئارامی و خۆشگوزاری بۆ گشت ھاووڵاتیان.

 

هەروەها بە پێویست زانراوە پرسی مووچەی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان لە نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ  چارەسەر بکرێت و  مافی ھاووڵاتیان بێ جیاوازی بپارێزرێت.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوێکى دیکەى سەرۆکایەتى کۆمار، لەکۆبوونەوەى بەرهەم ساڵح لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین جەختکراوەتەوە لە پێویستی ھەمەھانگی نێوان گشت لایەنە سیاسییەکان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان، لە رێگای دیالۆگ و لێکگەیشتن بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی خەڵک و پرۆسەی سیاسی و ھێنانەکایەوەی ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزاری بۆ ھاووڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستان. 

 

باس لەوەشکراوە، لە دیدارەکەدا بەگرنگییەوە باس لە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسیردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی کرا، لەسەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتی پرسی یەکلایکردنەوەی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و پاراستنی مافی ھاووڵاتیانی کوردستان و مووچەخۆران و بژێوی خەڵک.

 

سەردانەکەى عەلى باپیر و سەڵاحەدین بەهادین بۆ لاى سەرۆککۆمارلەکاتێکدایە، کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بێ چارەسەر ماونەتەوە، سەرەڕاى دانوستانە بەردەوامەکانى هەردوولا بەدرێژایی چەند مانگى ڕابردوو.

 

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغدا بە ناس کوردى ڕاگەیاند، هەردولا خواستى رێککەوتنیان هەیە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەرێم دەیەوێت لەرێگەى رێککەوتنەوە راستەوخۆ پارەى دەستبکەوێت، بەڵام بەغدا پارەى پێویستى لەبەردەستدا نییە.

 

وتیشى "بەغدا لە ئێستادا تەنها دەتوانێت بەپێی رێژەى یەک لەسەر دوانزەى خەرجییەکانى ساڵى ڕابردوو پارە خەرج بکات وەک چۆن بۆ سەرجەم دامەزراوەکانى دیکە بەو شێوەیە بودجە خەرج دەکات، چونکە پڕۆژە یاساى بودجە پەسەند نەکراوە".

 

بەوتەى سەرچاوەکە، هیوا هەیە هەردوولا بگەنە رێککەوتنێک ئەگەرچى بۆ ماوەیەکى کەمیش بێت،بەڵام ببێتە بنچینە بۆ رێککەوتنێکى درێژمەودا.

 

شاندى هەرێمى کوردستان تا ئێستا شەش جار چووەتە بەغدا بە ئامانجى رێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە، بەڵام دانوستانەکان بێئەنجام بوون، لە ئیستاشدا بەنیازە جارێکى تر بچێتەوە بەغدا بەڵام کاتەکەى دیار نییە.

 

دەسەڵاتدارانى هەرێم لەدانوستانەکاندا ئامادەییان نیشانداوە بۆ رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان، بەڵام بەغدا هێشتا ئامادەیی بۆ رێککەوتن دەرنەبڕیوە.

 

هەردوو حکومەتەکە کە بەهۆى پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوتەوە روبەڕووى قەیرانى دارایی بونەتەوە و تەنانەت گرفت بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانیان دروستبوە، دەیانەوێت لەرێگەى ئەو رێککەوتنەوە داهات بەدەستبهێنن، بەڵام دیار نییە دەگەن بە رێککەوتن یاخود نا.