گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق داوا لە ئەڵمانیا دەکات هاوکاری بکات لە دەرکردنی لە لیستی ڕەشدا

2020.07.12 - 15:12
عێراق داوا لە ئەڵمانیا دەکات هاوکاری بکات لە دەرکردنی لە لیستی ڕەشدا

ناس کورد-

عێراق داوا لە ئەڵمانیا دەکات پاڵپشتی بکات لەهێنانە دەرەوەی لە لیستی ڕەشی کۆمسیۆنی ئەوروپا سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارەو و پارەدارکردنی تیرۆر، هاوکات ئامادەیی خۆشی نیشاندا لە کردنەوەی بازاڕەکانی بەرانبەر کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ى حوزەیرانی 2020، وەزارەتی دەرەوی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: " فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هایکۆماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوایکردووە وڵاتەکەی پێگە و قورسایی سیاسیی و ئابوری خۆی لە ناو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی عێراق لەلیستی ڕەشی کۆمسیۆنی ئەوروپا تایبەت بە پارە سپیکردنەوە و پارەخەرجکردن بۆ تیرۆریزم دەربکات، لە هەمانکاتیشدا ڕێگری بکات لە دەستێوەردانی هەرێمیی لە کاروباری عێراق".

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە: "فوئاد حسێن  ئامادەیی عێراقی نیشانداوە لە کردنەوەی بازارەکانی عێراق بەڕووی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا، لە هەمانکاتیشدا کار دەکات بۆ لابردنی لەمپەڕەکان بەرانبەر کاری کۆمپانیای( سیمنز)ی ئەو وڵاتە لە عێراقدا".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیری دەرەوی عێراق بە هاوتا ئەڵمانییەکەی ڕاگەیاندووە" " سیاسەتی نوێی دەرەوەی عێراق لە ئێستادا بەندە لەسەر بنەمای پەیڕەوکردنی هاوکێشەیەکی هاوسەنگ لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی، ئەوەش لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە".

 

ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەکاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە نامەیەکدا بۆ کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا جەختی لە هەوڵی بەردەوامی وڵاتەکەی کردەوە بۆ جێبەجێکردنی مەرج و ڕێکارەکانی کۆمسیۆنەکە، تاوەکو لە لیستی مەترسیدارترین وڵاتەکانی پارەسپیکردنەوە و پارە خەرجکردن بۆ تیرۆریزم دەری بکەن. 

 

کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، عێراقی خستە پاڵ ئەو وڵاتانەی کە تۆمەتبارن بە سپیکردنەوەی پارە و و تەمویلکردنی تیرۆر و بە مەترسییەکی گەورەی ناوبردوون بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپا. 

 

جگە لە عێراق لیستە ڕەشەکەی کومسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێکهاتووە لە وڵاتانی ( ئەفغانستان، پاکستان،سوریا، یەمەن، ئێران و کۆریای باکور).

 

بەگوێرەی شارەزایان، هەنگاوەکەی کۆمسیۆنی وڵاتانی ئەوروپا عێراقی دوچاری ئاستنەگیەکی زۆر دەکاتەوە لە مامەڵە داراییەکان، بەجۆرێک لەمپەری گەورە دەخاتە بەردەم کاری وەبەرهێنانی دەرەکی و ناوخۆیی لەعێراقدا.