گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وێنە؛ دژەتیرۆری عێراق و یەكێتی و هێزێکی ئەمریکی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک گەیشتنە كفری

2020.07.12 - 14:06
وێنە؛ دژەتیرۆری عێراق و یەكێتی و هێزێکی ئەمریکی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک گەیشتنە كفری

 

ناس کورد-

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە فراوانەكەی هێزەكانی دژە تیرۆری عێراقی و هێزی دژە تیرۆری یەكێتی بەردەوامی هەیە و لیوایەكی سەر بەهێزەكانی 70ییەكێتیش دەڵێت، ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێک لەسنوری كفری ئەنجامدراوە و تا 3 ڕۆژ ئەو هێزانە لەناوچەكەدا دەمێننەوە.

 

لیوا حاجی عوسمان، لەهێزەكانی 70ی یەكێتی و سەرپەرشتیاری هێزەكانی پێشمەرگە لەناوچەی كفری بەناس كوردی ڕاگەیاند، هێزەكەی دژە تیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنەكەیان هاوبەشە لەگەڵ هێزی دژە تیرۆری یەكێتی و ئۆپەراسیۆنەكە گەڕان و پشكنین و وەڵامدانەوەی خێرایە بۆ پاشماوەكانی چەكدارانی داعش لەناوچەكانی كفری.

 

ووتیشی، ئەو هێزانە بەهەڵە چوونەتە گوندی 12 ئیمامی سەر بەكفری، دواتر لەلایەن ئەوانەوە ڕێگایان نیشاندراوە بەرەو ناحیەی جەبارە بڕۆن و دواتریش بەرەو ناوچەكانی قوڕیچای.

 

لەبارەی كاتی مانەوەی هێزەكە، ئەو بەرپرسەی هێزەكانی 70ی یەكێتی ووتی: "مانەوەی ئەو هێزە لەناوچەی كفری كاتییە و سێ ڕۆژێك دەمێننەوە، دوای تەواوكردنی ئەركەكەیان چۆڵی دەكەن.

 

هاوكات هاووڵاتییەكی دانیشتوانی قەزای كفری بەناس كوردی ڕاگەیاند، ئەو هێزەی كە بۆ ئۆپەراسیۆنە خێراكە هاتونەتە ناوچەی كفری، لەنزیك بازگەی كارێزی سەر بەهەرێم خێمەیان هەڵداوە و مانەوەكەیان كاتیە و چەند گوندێكی سەر بەكفریش گەڕاون.

 

ئەوەشی ئاشكرا كرد، هێزەكانی دژە تیرۆری عێراقی هێزی ئەمریكیشیان لەگەڵدایە، بەڵام ئەو هێزە پێیان باشنەبووە ئەوە ئاشكرا بكەن كە هێزەكانی ئەمریكایان لەگەڵدایە.