گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئیداره‌ی گه‌رمیان‌ لەبارەی کەمتەرخەمی لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ڕونکردنەوە دەدات

2020.07.12 - 13:20
ئیداره‌ی گه‌رمیان‌ لەبارەی کەمتەرخەمی لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ڕونکردنەوە دەدات

 

ناس کورد-

سەرۆکایەتیی ئیدارەی گەرمیان لەبارەی دەنگۆی کەمتەرخەمییەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە بەمەبەست و ڕێکخراون، ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا 350 ملیۆن دیناریان بۆ تەرنخانکراوە و ئامادەن هەمووی بخەنەڕوو.

 

لە ڕونکردنەوەیەکدا سەرۆکایەتیی ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند: "ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ و له‌گه‌ڵ زیاتر ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید 19) له‌ سنوره‌كه‌، هه‌ڵمه‌تێكی رێكخراو و به‌مه‌به‌ست له‌سه‌ر ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌ستی پێكردووه‌ كه‌ گوایه‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌ئاست بارودۆخه‌كه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌ و نه‌یتوانیوه‌ ئیداره‌ی دۆخه‌كه‌ بدات، بۆیه‌ به‌ پێویستمانزانی ئه‌م رونكردنه‌وه‌یه‌ بۆ رایگشتی بخه‌ینه‌ڕوو:

 

1.لایه‌نی به‌رپرسی فه‌رمی بۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی كۆرۆنا له‌ سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیانه‌ و ئیداره‌ی گه‌رمیان و به‌ڕێز سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌ی ئه‌وپه‌ڕی پشتیوانی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی كردووه‌ و سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌ته‌كانی سنوره‌كه‌ی راسپاردووه‌ هاوكاری ته‌واو و هه‌ماهه‌نگ بن له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان.

 

2.له‌ رۆژی (23/6/2020) به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌موكورتیه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی قه‌ڵای تایبه‌ت به‌ كۆرۆنا و كار نه‌كردن به‌ ئامێره‌كانی، به‌ ژماره‌ (1418) نوسراومان ئاراسته‌ی فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی له‌ گه‌رمیان كردووه‌، داوامان كردووه‌ ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ بدرێته‌ دادگای تایبه‌تمه‌ند.

 

3.جگه‌ له‌و بڕه‌ پارانه‌ی كه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ته‌ندروستی گه‌رمیان ته‌رخانكراوه‌، حكومه‌تی هه‌رێم كۆی ئه‌و بودجه‌یه‌ی ته‌رخانیكردووه‌ بۆ به‌رنگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنا بۆ ئیداره‌ی گه‌رمیان، بڕه‌كه‌ی 350 ملیۆن دینار بووه‌. له‌ روانگه‌ی به‌رپرسیارێتیه‌وه‌ ته‌واوی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ خراوه‌ته‌ خزمه‌تی پێداویستی ته‌ندروستی و بڕی 30 ملیۆن دینار له‌و پاره‌یه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی قه‌ڵا تایبه‌ت كراوه‌، خه‌رجكردنی 250 ملیۆن دینار له‌ گه‌نجینه‌ی گه‌رمیان ته‌صفیه‌ كراوه‌ و راپۆرتیش دراوه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ ژماره‌ (1422) له‌ رۆژی (25/6/2020). هه‌روه‌ها له‌و 100 ملیۆن دیناره‌ی دیكه‌شی زۆرینه‌ی زۆری خه‌رج كراوه‌ بۆ روبه‌رونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هه‌ر رۆژنامه‌وانێك بیه‌وێ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌دواداچون بكات ورده‌كاری ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ست.

 

  1. ئیداره‌ی گه‌رمیان ئاگاداره‌ له‌ ته‌واوی كه‌موكورتییه‌كانی بواری ته‌دروستی له‌ گه‌رمیان، به‌ڵام لێره‌وه‌ رونیده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ به‌یانه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ سێ ساڵی رابردوودا، پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان ده‌سه‌ڵاتیان پێنه‌دراوه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌موكورتی فه‌رمانگه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كانی تر و نه‌به‌ستراو به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ.