گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێک: شاندەکەی هەرێم بۆ دڵخۆشکردنی خەڵک باسی ڕێککەوتنیان کرد

ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا هێشتا لە تونێلێکی تاریکدایە و ئەوسەری دیار نییە (تایبەت)

2020.07.12 - 12:05
ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا هێشتا لە تونێلێکی تاریکدایە و ئەوسەری دیار نییە (تایبەت)

ناس کورد-

ئەگەرچی بڕیاربوو هەفتەی ڕابردوو شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بگەڕێتەوە بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان و گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەڵام سەردانەکە نەکرا و دیاریش کەی دەکرێت، پەرلەمانتارێکی کوردیش لە بەغدا بەدوری دەزانێت ڕێککەوتن بکرێت و هەرێم بتوانێت مەرجەکانی بەغدا جێبەجێ بکات.

 

بەگوێرەی نوسراوێکی پێشووی وەزارەتی دارایی کە بۆ هەرێمی ناردووە، لەدوای ناردنی 400 ملیارەکە تاوەکو ڕێککەوتن ئەنجامنەدەن، هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ هەرێم نانێرن، سەرچاوەیەکیش لە ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، ئەگەر بەغدا پارە نەنێرێت، ئەوا "کارەسات ڕوودەدات".

 

لە مانگی ئازاری ئەمساڵی بەغدا پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگرت، دواتر و لە ناوەراستی هەمان مانگ، شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدای کرد و لەوکاتەوە کێشەی موچەی فەرمانبەران دەستیپێکردەوە.

 

لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا، چەند جارێک هەردوولا گفتوگۆیان کردووە لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان و لە هەموو سەردان و گفتوگۆیەکیشدا، بەرپرسانی هەرێم گفتوگۆکانیان بە "ئەرێنی" ناوبردووە، تاوەکو لە دوا سەرداندا ئەوە ڕاگەیەندرا کە لەسەر زۆرینەی خاڵە ناکۆکەکان ڕێککەوتوون و تەنها چەند پرسێکی زۆر بچوک و واژووکردنی ڕێککەوتنەکە ماوە.

 

بڕیاربوو هەفتەی رابردوو شاندەکە بچێتەوە بەغدا، بەڵام سەردانەکە نەکرا، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کە خۆی ئەندامێکی شاندەکان بووە بە ناس کوردی وت: "نازانین شاندەکە کەی دەگەڕێتەوە و هیچ وادەیەک دیارینەکراوە، بەڵام بەمنزیکانە ئەوە ڕوودەدات".

 

لەوبارەیەوە ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی و لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "پێموانییە هەرێم و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن، هەرێمی کوردستان دەبێت بە مەرجەکانی بەغدا ڕازی بێت بۆ ڕێککەوتن، بەڵام ناتوانێت مەرجەکان جێبەجێ بکات".

 

ڕونیشیکردەوە، لەگەڵ ئەندامێکی شاندەکە گفتوگۆی کردووە لەسەر ئەوەی دەتوانن بەسێ مەرجی بەغدا کە نەوت، گومرگ و باجەکانە ڕازی بن، بەڵام ئەندامی شاندەکە دانی بەوەدا نەناوە کە حکومەتی هەرێم مەرجەکان جێبەجێدەکات.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەئێستادا یەکێک لەو کارانەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستپێکردووە، کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانە و هەر دوێنێش، کازمی بەیاوەری هێزێکی وەڵامدانەوەى خێرا و دژە تیرۆر چووە دەروازەی سنوریی مونزییە، بەشێك لە لایەنە عێراقییەکانیش داوادەکەن، کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دەروازە سنورییانە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

 

ئەحمەد حاجی ڕەشید جەختیکردەوە: "لەکۆتا سەرداندا کە شاندەکەی هەرێم هاتنەوە، هەندێک شتیان وت سەبارەت بەڕێککەوتن بۆ دڵخۆشکردنی خەڵک بوو، بەڵام من بەدواداچوونم کرد هیچ ڕاست نەبوون و تاوەکو مەرجەکان جێبەجێ نەکەن ڕێککەوتن ناکرێت، هەر لەبەر ئەوەشە تائێستا شاندەکە نەچوونەتەوە بەغدا".

 

لەچوار مانگی ڕابردوودا بەردەوام موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دواکەوتووە و بە 45 ڕۆژ جارێک موچەیەک دابەشکراوە، تاوەکو لەم مانگەدا حکومەت بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران بەڕێژەی %21 تاوەکو %50.

 

ئەحمەد حاجی ڕەشید باسی لەوەکرد: "وڵاتانی دیکە لەوبارەیەوە دەستوەردانیان کردووە و نازانین بەغدا پارە دەنێرێت یاخود نا".

 

هاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە ناس کوردی وت: "ئەگەر دۆخەکە بگاتە ئەوەی بەغدا پارە نەنێرێت، ئەوا کارەسات ڕوودەدات".

 

ئەو سەرچاوە وتیشی، بڕینی موچە چارەسەرێکی کاتی بوو، "یان دەبێت لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوین یان دەبێت چاکسازی دروست بکەین بۆئەوەى بتوانین موچە دابین بکەین."