گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواجار و بۆ یەکەمجار ترەمپیش دەمامکی بەکارهێنا

2020.07.12 - 08:55
دواجار و بۆ یەکەمجار ترەمپیش دەمامکی بەکارهێنا

ناس کورد-

لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە 66 هەزار حاڵەتی نوێی کۆرۆنای دەستنیشانکرد، ترەمپیش بۆ یەکەمجار و دوای چوار مانگ دەمامکی بەکارهێنا.

 

زانکۆی "جۆنز هۆبکنز"ی ئەمریکی کە ناوەندێکی باوەڕپێکراوی تۆمارکردنی ئامارەکانی کۆرۆنایە ڕایگەیاند: "لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 66 هەزار و 528 حاڵەتی نوێی کۆرۆنا تەنها لە ئەمریکا دەستنیشان کراون، لە ماوەى سێ ڕۆژی ڕابردووشدا ئاستی پێوانەیی ڕۆژانەى توشبووان تۆمارکرا کە 69 هەزار بوو."

 

بەگوێرەی ناوەندە تەندروستییەکان، تۆمارکردنی زیاتر لە 60 هەزار حاڵەتی ڕۆژانە بۆ پێنج ڕۆژی لەسەر یەک لە ئەمریکا، نیشانەی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی ڤایرۆسەکەیە لە هەندێک لە ولایەتەکانی ئەو وڵاتە.

 

هەربۆیە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکە بۆ یەکەمجار دەمامکی بەکارهێنا و لە میانەی سەردانی بۆ ناوەندێکی تەندروستی بە دەمامکەوە دەرکەوت.

 

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، پێش دەرچوونی لە کۆشکی سپی، ترەمپ وتویەتی: "پێموایە بەستنی دەمامک کارێکی زۆر باشە، من هیچ کات دژی دەمامک نەبووم، پێموایە ئەوە کات و شوێنێکی گونجاوی هەیە."

 

هاوکات ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوەدەکەن، دوای هەڵکشانەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا لە ئەمریکا، هاوکارانی ترەمپ، داوایان لێکردووە دەمامک بەکاربهێنێت و ڕێگە بدات ڕۆژنامەنوسان وێنەی بگرن.

 

لەئێستادا کۆی گشتیی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا زیاتر لە سێ ملیۆن و 242 هەزار کەسە و ژمارەی گیانلەدەستدانیش 134 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.