گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوا دەكرێت كۆنترۆڵكردنى خاڵە سنوريەكان هەرێمى كوردستانيش بگرێتەوە

2020.07.11 - 23:00
داوا دەكرێت كۆنترۆڵكردنى خاڵە سنوريەكان هەرێمى كوردستانيش بگرێتەوە

ناس کورد- 

كوتلەى حيكمە لە پەرلەمانى عێراق پشتگيرى هەنگاوەكانى حكومەت دەكات بۆ كۆنترۆڵكردنى دەروازە سنوريەكان و داواش دەكات ئەو هەنگاوە لە سەرجەم دەروازەكان بەوانەى هەرێمى كوردستانيشەوە جێبەجێ بكرێن.

 

لەو بارەيەوە حەسەن فەدحم، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە كوتلەى حيكمە بە ئاژانسى فەرمى وتوە، سەرجەم ئەو هەنگاوانەى حكومەت دەيگرێتەبەر لە كۆنترۆڵكردنى ئەمنى و هەيبەتى دەوڵەت و ياسا پشتگيرى كراون.

 

ئاماژەى بەوەشداوە، خاڵە سنوريەكان و گومرگ و مەزادەكانى فرۆشتنى دراو سەرەتاى ئەو مەلەفانەيە و هيوادارن ئەو ڕێوشوێنانە خاڵە سنوريەكانى تريش بگرێتەوە.

 

ئەو پەرلەمانتارە تەئكيديشى كردوەتەوە، خاڵە سنوريەكان بنەماى تێكچونى ئابورين لە وڵاتدا، بەتايبەتى خاڵە سنوريەكانى كوردستان، كۆنترۆڵنەكردنى ئەوانەى هەرێم و كۆنترۆڵكردنى ئەوانى تر دەبێتە هۆى ئەوەى كە هەرێم سودمەند بێت لەو ڕێوشوێنانە، چونكە سەرجەم كاڵاكان لەوێوە هاوردە دەكرێن، بۆيە شەڕى خاڵە سنوريەكان لەبەرژەوەندى هەرێم دەبێت.

 

حەسەن فەدحم باسى لەوەشكردوە، بۆيە پێويستە ڕێوشوێنەكان سەرجەم خاڵە سنوريەكان بە هەرێميشەوە بگرێتەوە، هەنگاوەكانى ئەم دواييەى حكومەتى مستەفا كازمى باشن لەوانەش كۆنترۆڵكردنى خاڵە سنوريەكان و پەرلەمان پشتگيرى دەكات.