گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارێزگارێکی تر داوای ناردنی هێز دەکات

کێ کۆنتڕۆڵی دەروازە سنورییەکانی عێراقی کردووە وا کازمی هێزیان بۆ دەنێرێت؟

2020.07.11 - 19:05
کێ کۆنتڕۆڵی دەروازە سنورییەکانی عێراقی کردووە وا کازمی هێزیان بۆ دەنێرێت؟

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

دەستەى دەروازە سنورییەکانی عێراق دەڵێت، ئەو هێزەی کە ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی  مستەفا کازمی ئاڕاستەی دەروازە سنورییەکانی پارێزگای دیالە کراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان نییە، بەڵکو بۆ پاڵپشتیکردنی کارەکانی فەرمانبەران و کارگێری ئەو خاڵە سنورییانەیە، دەشڵێت، هەنگاوی دواتر، کازمی بڕیاری لەسەر دەدات.

 

عەلادین قەیسی، وتەبێژی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "هەر لە سەرەتاوە ئەو دوو دەروازە سنورییە لەژێر ڕکێڤی حکومەتی عێراقی و دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراقدا بوون، ناردنی هێزیش تەنها بۆ توندوتۆڵکردنی ناوچەکانی دەرەوەی هەردوو دەروازەکە بووە، ئەوەش وەک پاڵپشتی بۆ کارگێری ئەو دوو خاڵە سنورییە".

 

وتیشی: "زۆربەی کێشەکان لە دەرەوەی دەروازە سنورییەکان ڕوودەدەن، لەدوایشدا بەرۆکی کارگێری ئەو خاڵە سنوریانە دەگرێتەوە، کاتێک کۆمەڵێک چەکدار یان هۆز دەبێتە شەڕیان لەسەر وەرگرتنی سەرانە".

 

لە بارەی ئەوەی لە داهاتوودا چەند خاڵی سنوری دیکە  لەلایەن حکومەتەوە ئەگەری هەیە هەمان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە یاخود نا؟، قەیسی وتی: "بڕیاردان لەسەر ئەو بابەتە تەنها لای سەرۆکوەزیرانی عێراق  خۆیەتی، ئەو فەرمان لەسەر ئەو پرسە دەدات، ئێمە ئاگاداری ئەوە نین".

 

"عێراق لە ئێستادا 22 دەروازەی فەرمی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەیە، ناردنی هێزیش بۆ پاڵپشتیکردنیان تەنها لەم دوو دەروازە سنورییەی پارێزگای دیالە ڕوویداوە،" وتەبێژی دەروازە سنورییەکانی عێراق وای وت.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی تەموزی 2020، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی دەروازەی سنوری مەندەلی کرد و فەرمانی بە هێزەکانیش کرد، ڕێکارەکان توندتر بکەنەوە و ڕێگری لە بازرگانی نایاسایی.

 

هەروەها مۆڵەتی تەقەکردنیشی پێدان لە ئەگەری هەوڵدانی هەر کەسێک کە بیەوێت لە دەرەوەى یاسا کا بکات و بە دەروازەکەدا تێپەڕبێت.

 

هەنگاوەکەى کازمی ئاهێکی بە بەری عێراقییەکاندا هێناوەتەوە، چونکە وەک هەنگاوێکی کرداری دەیبینن بۆ جێبەجێکردنی یاسا و نەهێشتنی گەندەڵی، ئەوەتا محەمەد جەمیل میاحی، پارێزگاری واستیش داوا لە کازمی دەکات هێز ڕەوانەى خاڵی سنوریی زرباتیە بکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی.

میاحی دەڵێت، "داواکارییەکەى بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری دەروازەکەیە بە تایبەت لەم دۆخە ناسەقامگیرەى ئێستا وڵاتی پێدا تێپەڕ دەبێت، کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دەروازەیە دەبێت وەرچەرخانێکی گرنگ."

 

هاوکات فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی‌ كازمی هێزه‌كانی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ خێرا و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ چوونه‌ هه‌ردوو ده‌روازه‌ی‌ سنووری‌ مه‌نده‌لی‌ و مونزریه‌ و كۆنترۆڵیان كرد.

 

ئەوە لەکاتێکدایە مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، قۆناغى گێڕانەوەى سیستەم و یاسا دەستیپێکردووە و ڕێگە بە دزینى سامانى گشتى نادەن لە خاڵە سنورییەکان.  

  

کازمى ئاماژە بەوەشکردووە، داواى لە بەڕێوەبەرى دەروازەکان کردووە پلاندابنێن بۆ دوبارە بەگەڕخستنەوەى سەرجەم دەروازە سنورییەکان.  

  

جەختیشیکردووەتەوە، کاروبارى گومرگ لەژێر پارێزگارى هێزە سەربازییەکاندایە و لەلایەن ئەو هێزانەوە دەپارێزرێت.  

  

کازمى ئەمرۆ دەروازەى سنورى مونزیرییەى لەگەڵ ئێران بەسەرکردەوە، دواى پشکنینى لەلایەن هێزێکى سەربازى هاوبەشەوە.  

  

بەپێی ڕاگەیاندنى دەستەى حەشدى شەعبى، کازمى هەروەها بە یاونەرى عومەر عەدنان سەرۆکى دەستەى دەروازە سنورییەکان، خاڵى سنورى مەندەلى کردووەتەوە، بۆ ئاڵوگۆڕى بازرگان لەگەڵ ئێران.