گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆکاری چوونی دژە تیرۆری یەکێتی بۆ خانەقین ئاشکرا دەکات

دژە تیرۆری عێراقی بۆ ناس کورد: سەرپەرشتیکردنی دەروازە سنورییەکان لای ئێمە نییە

2020.07.11 - 18:03
دژە تیرۆری عێراقی بۆ ناس کورد: سەرپەرشتیکردنی دەروازە سنورییەکان لای ئێمە نییە

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق ڕەتی کردەوە هێزەکانیان ئەرکی کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانیان پێ سپێردرابێت و دەڵێت، بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەوجێکی دژە تیرۆری یەکێتی سلێمانی بەشداری لە ئۆپراسیۆنێکی ناوچەکانی پارێزگای دیالە کردووە.

 

كۆنتڕۆڵكردنی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ گه‌رمترین باس وخواسی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دروستكردووه‌، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی كۆنتڕۆڵكردنی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان گرنگییه‌كی ئابوریی گه‌وره‌ی بۆ عێراق هه‌یه‌.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی تەموزی 2020، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی دەروازەی سنوریی مەندەلی کرد و فەرمانی بە هێزەکانیش کرد، ڕێکارەکان توندتر بکەنەوە و ڕێگری لە بازرگانی نایاسایی بکەن.

 

هاوکات فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی‌ كازمی هێزه‌كانی‌  بەرپەرچدانەوەی خێرا و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ چوونه‌تە هه‌ردوو ده‌روازه‌ی‌ سنوری‌ مه‌نده‌لی‌ و مونزریه‌ و كۆنترۆڵیان كردوە.

 

لەوبارەیەوە، سەباح نوعمان، وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەکان بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و پڕۆسەکانی بەقاچاخبردنە لەو دوو خاڵە سنورییە".

 

وتیشی: "دەرکەوتنی فەریق عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لەگەڵ مستەفا کازمی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەو دوو دەروازە سنورییە بۆ سەرپەرشتی ئۆپڕاسیۆنێکی هێزەکانمان بووە لە پارێزگای دیالە، ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت دەروازە سنورییەکان دەکەوێتە ژێر دەستی هێزەکانی ئێمەوە، چونکە ئەرکی هێزەکانی ئێمە تەنها بنڕکردن و قەڵاچۆکردنی تیرۆرە".

 

سەبارەت بەدەنگۆی بەشداریکردنی هێزێکی دژە تیرۆری سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەی مونزرییەی سەر بە پارێزگای دیالە، وتەبێژەکەی دژە تیرۆری عێراق وتی: "فەوجێکی دژە تیرۆری یەکێتی بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەشداری لە ئۆپڕاسیۆنی پاڵەوانانی عێراق (ابطال العراق) دەکات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى پاشماوەی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی پاڕێزگای دیالە".

 

سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەشکرد: "هێزەکەی دژە تیرۆری سلێمانی هاوشێوەی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقە و بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەگرێتە ئەستۆ لە هەر ناوچەیەکی عێراقدا بێت".  

 

بەوتەی سەباح نوعمان: "تائێستا هیچ بڕیارێک لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە نەدراوە کە چ هێزێک ئەرکی سەرپەرشتی دەروازە سنورییەکان دەکات لە داهاتوودا". 

 

"سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە بە چڕکردنەوەی ڕێکارە ئەمنییەکان و ڕێگریکردن لە هەر کارێکی بازرگانی لە دەرەوەی یاسا، بۆیە دوێنێ هەینی، هیزەکانی پەرچدانەوەی خێرا گەیشتنە دەروازە سنوری مەندەلی"، سەباح نوعمان وای وت.

 

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كانی حکومەتی عێراقی له‌ساڵی 2003ەوه‌ تا ئێستا به‌نزیكه‌ی 100 ملیار دۆلار له‌و ده‌روازه‌ سنورییانه‌ی عێراق به‌هه‌ده‌ردراون و چوونه‌ته‌ نێو گیرفانی به‌رپرس و لایه‌نی سیاسی، نه‌ك حكومه‌تی عێراق.