ناس کورد-
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا و ئێران دوو کۆڵبەر گیانیانلەدەستداوە و پێنج کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ شەممە، 11ی تەموزی 2020، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند: "سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە سنوری چاڵدێران تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی زیاد ئیسباتی حەیدەرانلوو گیانیلەدەستداوە کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە."
ئاماژەی بەوەشکردووە: "لەلایەکی دیکەوە و هاوکات، کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی گوندی “نمەنجێ”ی پیرانشار بە ناوی ”ئیبراهیم ئەبووبەکری” لە کوێستانەکانی قەندیل بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە کە ئەویش خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە."
هەنگاو ئەوەشی خستووەتەڕوو: "هەمان ڕۆژ لە سنوورەکانی نۆدشە، ئورمیە و سەردەشت پێنج کۆڵبەر بریندارکراون."