گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچى تواناكەى 1000 هێندەى ڤايرۆسەكانى تر؟

چەند ڤایرۆسێک تێکەڵبوو.. دواجار زانایان لە نهێنی زوو گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تێگەیشتن

2020.07.11 - 17:20
چەند ڤایرۆسێک تێکەڵبوو.. دواجار زانایان لە نهێنی زوو گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تێگەیشتن

ناس کورد-

لە كۆتاييدا زانايانى پەيمانگاى فرانسيس كريك لە بەريتانيا توانيان لەوە تێبگەن كە ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ COVID-19 چۆن گەشەى كردووە و بۆچى بەو شێوە ئاسانە بە جيهاندا بڵاودەبێتەوە، جەختیش كراوەتەوە كە ڤايرۆسەكە لە يەكگرتنى چەند ڤايرۆسێكەوە دروست بووە.

 

گۆڤارى "نيوز ويك" بڵاويكردوەتەوە، تيمێكى پەيمانگاى  "فرانسيس كريك"  بە سەرۆكايەتى ئەنتۆنى ووربڵ و دۆناڵد بێنتۆن توانييان بگەنە ئەوەى كە ڤايرۆسى كۆرۆنا وەك هەر ڤايرۆسێكى تاجى تر وايە و لەڕێگەى پرۆتينەكەيەوە دەتوانن بچێتە خانەى مرۆڤەوە.

 

ئەوەش هاتووە، كۆرۆناى نوێ زۆر لە ڤايرۆسى كۆرۆناى شەمشەمەكوێرە كە بە RaTG13 ناسراوە دەچێت و لێكچونيان 97%ە.

 

بەپێى ڕاپۆرتەكە، شارەزايان ئەوەيان بۆ دەركەوتووە كە پرۆتينى كۆرۆناى نوێ سەقامگيرترە لەچاو RaTG13، ئەوەش واى كردوە كە تواناى ئەوەى هەبێت 1000 هێندەى كۆرۆناى شەمشەمەكوێرە زياتر بچێتە خانەكانى مرۆڤەوە.

 

زانايانى لێكۆڵينەوەكە باسيان لەوەكردوە،  لێكۆڵينەوەكەيان ئەوە ئاشكرا ناكات كە بنچينەى ڤايرۆسەكە چييە بەڵام هاوكاريان دەكات لە چۆنێتى گەشەكردنى تێبگەن، ڤايرۆسەكە لە يەكگرتنى چەند ڤايرۆسێكى ترەوە هاتووە و لەيەك ڤايرۆسدا گەشەيان كردوە.

 

سەبارەت بە چۆنێتى يەكگرتنەكە پێيان وايە، لەوانەيە گياندارێك تووشى زياتر لە يەك جۆر ڤايرۆسى كۆرۆنا بووبێت و لەناو لەشى ئەو گياندارەدا يەكيان گرتبێت و بووبێتە يەك ڤايرۆس.

 

شارەزايان پێيان وايە كۆرۆنا زۆر خێراتر لە ڤايرۆسەكانى هاوشێوەى بڵاودەبێتەوە و ئەوەش هۆكارە بۆ ئەوەى كە ژمارەيەكى زۆر خەڵك توشبوون.

 

تائێستا لە جيهاندا زياتر لە 12 مليۆن و 665 هەزار كەس تووشى ڤايرۆسى كۆرۆنا بوون و نزيكەى 564 هەزار كەسيش گيانيان لەدەستداوە، ژمارەى توشبوانيش بەشێوەيەكى ترسناك بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بەپێى وتەى زانايان ئەو ژمارە توشبووە زۆر لە ژمارەى توشبوانى ڕاستەقينە كەمترە، چونكە زۆرينەى توشبووان نيشانەكانيان تێدا دەرناكەوێت بۆيە نازانرێت كە توشبوون.