گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئایا ئەمجارە جێبەجێ دەکرێت؟

دواى حەوت ساڵ شەمەندەفەرى 100 مەترییەکەى سلێمانى کەوتەڕێ

2020.07.11 - 16:14
دواى حەوت ساڵ شەمەندەفەرى 100 مەترییەکەى سلێمانى کەوتەڕێ

ناس کورد-

دواى حەوت ساڵ لە دانانى بەردى بناغەى پڕۆژەى دروستکردنى شەقامى  100 مەتریی سلێمانى، ئەمڕۆ جارێکى تر بەردى بناغەى پڕۆژەکە دانرایەوە بۆ ئەوەى قۆناغى یەکەمى دەستپێبکات.

 

پڕۆژەکە ساڵى 2001 بریارى دروستکردنى درا، وەک پڕۆژەیەکى ستراتیژى بە ئامانجى کەمکردنەوەى قەرەباڵغى لەناو شارى سلێمانى، دوو ساڵ دواتر و لە ساڵى 2013 بەردى بناغەى پڕۆژەکە لەلایەن عیماد ئەحمەد جێگرى ئەوکاتى سەرۆکوەزیرانى هەرێمەوە دانرا.

 

دواى دانانى بەردى بناغەى پڕۆژەکە، بە پاساوى قەیرانى دارایی پڕۆژەکە نەخرایە بوارى جێبەجێکردنەوە، تا ساڵ ڕابردوو کاتێک حکومەت هەرێم بڕیاریدا پڕۆژەکە بەگەڕبخاتەوە و دەست بەجێبەجێکردنى بکرێت.

پڕۆژەکە یەکێکە لەو پڕۆژانەى کە زۆرترین مشتومڕى بەدواى خۆیدا هێناوە، تەنانەت دواى بڕیارى جێبەجێکردنى لەساڵى ڕابردوودا، مشتومڕى زۆر لەسەر بودجەى پڕۆژەکە دروستبوو، تا دواتر حکومەتى هەرێم بڕیاریدا بودجەکە وەک خۆى کە بڕەکەى 400 ملیار دینارە بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگار سلێمانى لە رێوڕەسمى دانانى بەردى بناغەى پڕۆژەکە لەتاسڵوجە کە خاڵى دەستپێکردنى پڕۆژەکەیە ڕایگەیاند "لەم دۆخە هەستیارەدا شاڕێی بابان شەقامى 100 مەترى دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، پڕۆژەکە لەبەڵێنى سەرلێوانەوە کرایە بڕیار و جێبەجێدەکرێت".

 

درێژى پڕۆژەکە 146کیلۆمەترەو قۆناغى یەکەمى 32 کیلۆمەتر درێژە کە لە تاسڵوجەوە بۆ ناوچەى دەمرکان دەبێت و شەقامى سلێمانى عەربەت دەبڕێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر قۆناغى یەکەمى پڕۆژەکەى بە "گرنگترین و هەستیارترین" قۆناغ ناوبرد و جەختى لە جێبەجێکردنى کردەوە.

پرۆژەکە بە سێ قۆناغ لەلایەن کۆمپانیاى قەیوانەوە جێبەجێدەکرێت، دوو قۆناغەکە دیکە کە وادەى جیبەجێکردنیان نادیارە، لە کۆتایی قۆناغى یەکەمەوە دەستپێدەکات و دەچێتە گۆیژە و لەوێوە بە تونێلێک دەچێتەوە تونیل پێشڕەوە، پاشان بەرەو هەوارى شار، دواتر بۆ ناوچەى کەڵەوانان و شەقامى دوکان سلێمان تا دەگاتەوە بە پردى تاسڵوجە.

 

پڕۆژەکە چەندین پرد و پردى پەڕینەوە لەخۆدەگرێت و هاتوچۆ لە سنورى گەرمیان و هەڵەبجە و هەورامانەوە دەباتە دەرەوە شەقام شەست مەترى سلێمانى، ئەوەش بە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەى قەرەباڵغى ناو شار دادەنرێت.

 

مەسرور بارزانى سەرۆک حکومەت لە رێوڕەسمى کردنەوەى پڕۆژەکەدا، دەستپێکردنەوە کارەکانى پڕۆژەکەى بە کارێکى گرنگ ناوبرد و جەختیکردەوە ئەوە دەیسەلمێنێت کە قەیران نایانوەستێنێت.

 

دیزاینى پڕۆژەکە بەشێوەیەکە کە لەبەرئەوەى خێرایی ئۆتۆمبیل تێیدا ئازادە، شەقامى یەکتر بڕى تێدا نییە، بەڵام بۆ هاتوچۆ گوندەکانى دەوروبەرى پێنج پردى پەرینەوە دروستدەکرێت.