گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد ئاشکرای دەکات

دژە تیرۆری یەکێتی لە دەروازەی سنوریی مونزرییە جێگیرکراوە؟

2020.07.11 - 14:52
دژە تیرۆری یەکێتی لە دەروازەی سنوریی مونزرییە جێگیرکراوە؟

ناس كورد- هەرمان زەنگەنە

سەرچاوەیەکی تایبەت ڕەتیکردەوە هێزەکانی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی بۆ دەستبەسەرداگرتن و پاراستنی دەروازەی سنوریی مونزریە لە خانەقین جێگیرکرابن، بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆش ئاشکرای کرد، هێزەكانی دژە تیرۆری یەکێتی و پێشمەرگە و ئاسایش لە ناوچەى کوڵەجۆ ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان لەگەڵ هێزە عێراقیەكاندا ئەنجام دا.

 

دوێنێ لە چەند میدیایەک بڵاوکرایەوە کە هێزەکەى دژە تیرۆر لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دەروازەی مونزریە جێگیرکراون وەک هەوڵێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەروازە سنورییەکان بۆژێر دەسەڵاتی حکومەت.

 

زیاتر بخوێنەوە: کازمى: قۆناغى گێڕانەوەى سیستەم و یاسا دەستیپێکرد



سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ناس کوردی ڕاگەیاند، چوونی هێزەکەى دژە تیرۆری یەکێتی هیچ پەیوەندییەکی بە هەوڵەکانی کازمییەوە نییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان، بەڵکو ئەوان بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لەدژی پاشماوەکانی داعش چوون.

 

هەروەها شەماڵ گەرمیانی، بەڕێوەبەری ئاسایشی كۆڵەجۆ بە ناس كوردی ڕاگەیاند، "هێزی دژە تیرۆری یەكێتی نەهاتووەتە ناوچەكە بەڵكو ئەمڕۆ بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی دژە تیرۆری عێراقی ئۆپەراسیؤنێكی هاوبەشمان بۆ چەند ناوچەیەك ئەنجامدا."

 

وتیشی، بەزۆری ئۆپەراسیۆنەكەیان بۆ ئەو ناوچانە بوون كە لەنێوان هەردوو لایە، هەر لە دێی ئوم حونتە و قەڵا و شێخ باوە و چەمی كۆڵەجۆیان بەهاوبەشی كیوماڵ كردووە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، "هێزەكانی دژە تیرۆری عێراقی لایخۆیانەوە لەدیێ شێرە پەناگەیەكی تیرۆریستانی داعشیان دۆزیوەوە و دایان بەسەریدا و پاسەوانەكەیان كوشت."

 

بەڕێوەبەری ئاسایشی كۆڵەجۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، مەبەستیان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەیان لەگەڵ هێزەكانی عێراقدا بۆ دۆزینەوە و ڕاوەدوونانی تیرۆریستانی داعش و خەڵكانی قاچاخ لەیاسا بووە.



هەر لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزەكانی عێراق بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی هەرێمدا ئەنجامیانداوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕوداوەوە لەشاری كەلارەوە بەناس كوردی ڕاگەیاند، هێزی دژە تیرۆری یەكێتی و بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگەش بەشداری ئۆپەراسیۆنی ناوچەكەیان كردووە.

 

ئەوەشی ئاشكرا كرد، ئەو ئۆپەراسیۆنە بەشێكی بۆ بەهاناوەچوونی كاكەیەكانی ناوچەكە بووە كە لەماوەكانی ڕابردوودا چەندجارێكش چەكدارانی داعش و چەكداری نەناسراو هێرشی دەكردە سەریان و لێدەكوشتن.

 

بەوتەی ئەو هاوڵاتیەكە بۆ ناس كورد قسەی كرد، ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوامی دەبێت و دەیەوێت لەپاڵ ڕاوكردنی چەكدارانی داعش و كۆنترۆڵكردنی و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ ئەو ناوچەیە، جۆرێك لەدڵنیایی بۆ كاكەیەكانی سنورەكە بگەرێنێتەوە.