گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دیاریکردنى تۆمەتبارێکى دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک بە وەزیرى ناوخۆى فەڕەنسا گڕ لە شەقام بەردەدات

2020.07.11 - 11:57
دیاریکردنى تۆمەتبارێکى دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک بە وەزیرى ناوخۆى فەڕەنسا گڕ لە شەقام بەردەدات

ناس کورد-

 

دانانى ژێراڵد دارمانان بەوەزیرى ناوخۆ کاردانەوەى فراوانى هەزاران هاوڵاتیى فەڕەنسى لێکەوتووەتەوە و بۆ ئیدانە کردنى ئەو وەزیرە کە تۆمەتبارە بە دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک، خۆپیشاندان لەچەندین شارى فەڕەنسا دەستىپێکردووە، ئەگەرچى ئەو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.

 

خۆپیشاندەران ڕژاونەتە ناو شەقامەکانى پاریس و بۆردۆ و لیۆن و تۆڵۆز و چەند شارێکى تر و دروشمى ئیدانەکردنى (فەرهەنگى لاقەکردن بۆ پێشەوە)یان بەرزکردووتەوە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ناوى پارتەکەى ئیمانوێل ماکرۆنى دەسەڵاتدار بەناوى "کۆمار بۆ پێشەوە".

 

خۆپیشاندەرانى فەڕەنسا لەوەش ناڕازین کە ئەریک دۆپۆن مۆریتى کراوەتە وەزیرى داد، ناوبراو پارێزەرێکى بەناوبانگە کە لەماوەکانى ڕابردودا ڕەخنەى توندى لەجوڵانەوەى (مى توو) گرتووە کە چالاکیەکانیان لەچوارچێوەى قەلاچۆکردنى گیچەڵپێکردنى سێکسیدایە.

 

ئانۆک لاگارى تەمەن 22 ساڵ لەتۆڵۆز دەڵێت نزیکەى 300 کەس خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە و داواى دەستلەکارکێشانەوەى ژمارەیەک لەو وەزیرانە دەکەن.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، کاتێک زانیوویەتى ئەوانە کراون بەوەزیر گریاوە بەهۆى ئەوەى خۆى قوربانى دەستدرێژییە و بەلاى ئەو نمونەکانى وەکو ئەوەوە ئەو کارە بەسوکایەتى دەزانن.

 

لەپاریسیشەوە نۆلاگ کە خوێندکارە و تەمەنى 24 ساڵە بەشدارى خۆپیشاندانەکانى کردووە کە نزیکەى هەزار کەس دەبن دەڵێت، دانانى دارمانان تفێکە بەڕووى هەموو قوربانیەکاندا و ئەو جۆرە گردبونەوانەش خەڵکى لەو ڕاستیانە بێدار دەکەنەوە.

 

دارمانان کە لەوەزارەتى ژمێریارییەوە کراوەتە وەزیرى ناوخۆ ساڵى 2017 ژنێک بەوە تۆمەتباریکرد کە ساڵى 2009 دەستدرێژى کردووەتەسەر، دواى ئەوەى داواى هاریکارییەکى لێکردووە بەمەبەستى سڕینەوەى تاوانێکى لە لیستى تۆمارەکاندا.

 

دارمانان دانیبەوەدانا کە پەیوەندى سێکسى لەگەڵ ئەو ژنەدا هەبووە و بەرەزامەندى هەردوولا نەک بەزۆرە ملیێ.

 

ساڵى 2018 دادگا دۆسیەکەى داخست، بەڵام سەرەتاى ئەم ساڵ دووبارە بەفەرمانى دادگاى تەمییزى پاریس داواى هەڵدانەوەى دۆسیەکە کرایەوە.