گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤاكسينى ئەڵمانى- ئەمريكی دژە کۆرۆنا هەنگاوێکى ماوە بۆ خستنە بازاڕ

2020.07.11 - 11:19
ڤاكسينى ئەڵمانى- ئەمريكی دژە کۆرۆنا هەنگاوێکى ماوە بۆ خستنە بازاڕ

ناس کورد-

 

دوو كۆمپانياى ئەمريكى و ئەڵمانى ڤاكسينێكى دژە كۆرۆنايان پەرەپێداوە و سەرۆكى جێبەجێكارى كۆمپانيا ئەڵمانيەكەش دەڵێت، دڵنيايە لەوەى كە ڤاكسينەكەيان تا كۆتايى ئەمساڵ ڕەزامەندى بەدەستدەهێنێت.

 

ڕۆژنامەى "وۆڵ ستريت جۆرناڵ"ى ئەمريكى بڵاويكردوەتەوە، كۆمپانياى "بايۆتيك"ى ئەڵمانى و "فايزەر"ى ئەمريكى لە چوارچێوەى هەوڵەكان بۆ دروستكردنى ڤاكسينێك بۆ بەرەنگاربونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا، ڤاكسينێكيان دروست كردووە.

 

لاى خۆيەوە "ئۆرگۆر شاهين" يەكێك لە دامەزرێنەرانى كۆمپانيا ئەڵمانيەكە و سەرۆكى جێبەجێكارى سەبارەت بە ڤاكسينە نوێكەيان بە ڕۆژنامەكەى وتوە، دەتوانن مليۆنان ڤاكسين دروستبكەن تەنانەت پێش وەرگرتنى ڕەزامەندى بۆ بەكارهێنانى، هەروەها دەتوانن تا ساڵى 2021 يەك مليار بەرهەم بهێنن.

 

كۆمپانياى "بايۆتيك" لە بنەڕەتدا تايبەتە بە تەكنەلۆژياى زيندەيى بۆ چارەسەرى نەخۆشى شێرپەنجە، يەكێكە لەو 17 كۆمپانيايەى كە لە سەرتاسەرى جيهاندا دەستيان كردوە بە تاقيكردنەوەى ڤاكسينى دژە ڤايرۆسى كۆرۆنا لە سەر مرۆڤ.

 

كۆمپانياكە كە بارەگاكەى لە شارى "ماينز"ە لەساڵى 2008 لەلايەن دكتۆر شاهين و ژنەكەى بەناوى دكتۆرە "ئۆزليم تورسى"يەوە دروستكراوە كە لە نەوەى توركە كۆچەرەكانن.

 

ڤاكسينەكە هانى دژە تەنەكان دەدات كە گەشە بكەن، پشت بە كۆدێكى بۆماوەيى DNA دەبەستێت و خانەى دژە تەنى تايبەت بە بەرەنگاربونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا دروست دەكەن.

 

كۆمپانياكە پێشبينى ئەوە دەكات كە قۆناغى كۆتايى تاقيكردنەوە كە بە "تاقيكردنەوەى قۆناغى سێيەم" ناسراوە لە كۆتايى مانگى حەوت تەواو ببێت.

 

دواتر لێكۆڵينەوەيەكى هەڕەمەكى لەسەر ڤاكسينەكە دەكرێت و پێشبينى دەكرێت ئەويش لە كۆتايى ئەمساڵدا تەواو ببێت و دواتر كۆمپانياكە ڕەزامەندى وەردەگرێت بۆ ئەوەى ڤاكسينەكەى لە سەرتاسەرى جيهاندا بەبازاڕ بكات.

 

كۆمپانياكە سەرەڕاى هاوبەشى لەگەڵ كۆمپانياى "فايرز"ى ئەمريكى چەند هاوبەشێكى تريشى هەيە لەوانەش كۆمپانياى "شەنگهاى فۆسۆن"ى چينى، دەتوانن كە بەخێرايى ژمارەيەكى يەكجار زۆر ڤاكسين بخەنە بازاڕەكانى جيهانەوە.