گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

13 هێز بەشدارن کە یەکێکیان لە سلێمانییەوەیە

وردەکاریی ئۆپراسیۆنەکەى عێراق لەسەر سنورى ئێران

2020.07.11 - 10:10
وردەکاریی ئۆپراسیۆنەکەى عێراق لەسەر سنورى ئێران

ناس کورد-

 

ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەى عێراق لە پارێزگاى دیالەى هاوسنور لەگەڵ ئێران بەبەشدارى 13 هێز و پشتیوانى ئاسمانى هاوپەیمانان بەڕێوەدەچێت، بە ئامانجى روبەڕووبوونەوەى تیرۆر و گەندەڵى و سەپاندنى یاسا لە خاڵە سنورییەکانى ئەو پارێزگایە.

 

ئۆپراسیۆنەکە کە قۆناغى چوارەمى ئۆپراسیۆنى پاڵەوانانى عێراقە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ لەژێر سەرپەرشتى راستەوخۆى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان دەستیپێکرد، دواى ئەوەى هێزە سەربازییەکان کۆنترۆڵى هەردوو دەروازەى سنورى مونزیرییە و مەندەلیان کرد کە هاوسنورن لەگەڵ ئێران.

 

بەپێی بەیاننامەیەکى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق، ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکە راوەدونانى پاشماوەکانى تیرۆر، سەپاندنى ئاسایش و سەقامگیریی لە دیالە، پاککردنەوە و پشکنینى هێڵى سنورییە لەگەڵ ئێران و چالاکى تایبەتە لەو ناوچانەى کە داعش قۆستویەتیەوە و بەکاریان دەهێنێت بۆ کردەوەکان کە ناوچەى نێوان هێزەکانى فیدراڵ و پێشمەرگەن. 

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئۆپراسیۆنەکە ئامانج لێی کێوماڵکردنى روبەرێکە کە بە 17685 كم2 دەخەمڵێنرێت و 13 هێزى ئەمنى و سەرباز تێدا بەشدارن.

توجيه من الكاظمي إلى القوات المشاركة في عمليات ’أبطال العراق’

بەپێی بەیاننامەکە، ئەو هێزانە پێکهاتوون لە، فەرماندەیی هێزە وشکانییەکان، فەرماندەیی پڕۆسەکانى دیالە، فەرماندەیی پڕۆسەکانى سەڵاحەدین، فەرماندەیی پڕۆسەکانى سامەرا، فەرماندەیی پۆلیسى فیدراڵ، هێزەکانى وەڵامدانەوەى خێرا، حەشدى شەعبى، دوو لیواى تایبەت، لیواى هەشتى پاسەوانى سنور، دژە تیرۆر، فەوجێکى دژە تیرۆر لە سلێمانى، فەرماندەیی پۆلیس پارێزگا دیالە، بە پشتیوانى فڕۆکەکانى سوپا و هێزى ئاسمانى و فڕۆکەکانى هاوپەیمانان.

 

جەختیشیکردووەتەوە، ئۆپراسیۆنەکە بەوە جیادەکرێتەوە کە ئامانجى گرنگ و دیاریکراوى هەیە و ئەرکەکانى تایبەتن.

 

دوا دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنەکە مستەفا کازمى گەیشتە پارێزگاى دیالە و چەند فەرمانێکى ئاڕاستەى یەکە سەربازیی و ئەمنییەکانى بەشدار لە ئۆپراسیۆنەکە کرد.

 

عەمید یەحیا رەسول وتەبێژ بەناو فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، کازمى فەرمانیکردووە کە گیان و موڵک و ماڵى هاوڵاتیانى مەدەنى بپارێزرێت و بەشێوەیەکى پیشەییانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

 

لەگەڵ دەستپێکردن ئۆپراسیۆنەکە، ئەمڕۆ شەممە هێزێکى هاوبەش چووە دوو دەروازەى سنورى لە پارێزگاى دیالە، لە چوارچێوەى هەڵمەتى روبەڕووبونەوەى گەندەڵیدا.

 

بەپێی بەیاننامەیەکى فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان، هێزەکانى وەڵامدانەوەى خێرا و حەشد شەعبى چوونەتە هەردوو دەروازە سنور مەندەلى و مونزیرییەى سنورى و بەتەواوى دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و پرۆسەى پشکنینیان دەستپێکردووە.