ناس کورد-
مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان سەرلەبەیانى ئەمڕۆ شەممە گەیشتە بارەگاى فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان لە پارێزگاى دیالە، بۆ سەرپەرشتیکردنى پڕۆسە سەربازییەکان لەسەر سنور.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کازمى گەیشتووەتە بارەگاى پڕۆسە هاوبەشەکان لە دیالە بۆ سەرپەرشتیکردنى پڕۆسە سەربازییەکان لەسەر سنور.
چوونى کازمى بۆ پارێزگاى دیالە، دواى ئەوەهات کە ئەمڕۆ شەممە هێزێکى هاوبەش چووە دوو دەروازەى سنورى لە پارێزگاى دیالە، لە چوارچێوەى هەڵمەتى روبەڕووبونەوەى گەندەڵیدا.
بەپێی بەیاننامەیەکى فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان، هێزێکى تایبەت و هێزى پشتیوانى بەرەبەیانى ئەمرۆ دەستبەکاربوون، لە چوارچێوەى پڕۆسەکانى پاڵەوانانى عێراق-قۆناغى چوارەم بۆ هەڵکوتانە سەر چەند ئامانجێکى دیاریکراو، بەپێی زانیارى هەواڵگرى لەناو پارێزگاى دیالە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هەروەها هێزەکانى وەڵامدانەوەى خێرا و حەشدى شەعبى چوونەتە هەردوو دەروازەى سنور مەندەلى و مونزیرییەى سنورى و بەتەواوى دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و پشکنینیان دەستپێکردووە.
ئامانج لە دەستپێکردنى ئەم قۆناغە نوێیەى ئۆپراسیۆنەکە، کێوماڵکردنى روبەرێکى بەرفراوانە کە بە 17685كم2 دەخەمڵێنرێت، ئەوەش بەوتەى فەریق روکن عەبدولئەمیر کامل شەمەرى جێگرى فەرماندەى پرۆسە هاوبەشەکان.