گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خراپترين خەوى ناخۆشى زانايان

بۆچى دواى زياتر لە شەش مانگ كۆرۆنا هێشتا وەك ئاگرى ناو كا بڵاودەبێتەوە؟

2020.07.11 - 09:04
بۆچى دواى زياتر لە شەش مانگ كۆرۆنا هێشتا وەك ئاگرى ناو كا بڵاودەبێتەوە؟

ناس كورد-

 

ئەنتۆنيۆ فاوچى گەورە شارەزاى ئەمريكى لە بوارى نەخۆشيە گواستراوەكان دەڵێت، ڤايرۆسى كۆرۆنا خراپترين خەوى ناخۆشە بۆ شارەزايانى تەندروستى، بەڵام بۆچى دواى تێپەڕبونى زياتر لە شەش مانگ بەسەر دەركەوتنى ڤايرۆسەكەدا هێشتا وەك ئاگرى ناو كا بڵاودەبێتەوە؟

 

ئەنتۆنيۆ فاوچى كە بەڕێوەبەرى پەيمانگاى نيشتمانى بۆ هەستيارى و نەخۆشيە گواستراوەكانە و شارەزاى بوارى بەرگرى جەستە و ئەندامى تيمى كارى كۆشكى سپييە بۆ ڤايرۆسى كۆرۆنا ئاماژەى بەوەداوە، ڤايرۆسى كۆرۆنا خراپترين خەوى ناخۆشە بۆ شارەزايانى تەندروستى، ئەوەش سەرەڕاى ئاسانى بڵاوبونەوەى لەناو خەڵكدا، ئەو توانايانەى ڤايرۆسەكە پيشانى دەدات لە ڕاستيدا جێى سەرنجە.



شكاندنى ژمارە پێوانەييەكان

وتارێكى ئاژانسى شينخواى چينى باس لەوەدەکات، جيهان ژمارە پێوانەييەكانى شكاندوە سەبارەت بە پەتاى كۆرۆنا، ئەوەش لەگەڵ بەرزبونەوەى ژمارەى توشبوانى ڤايرۆسەكە كە ڕۆژانە 200 هەزارى تێپەڕاندوە.

 

زيادبونى ژمارەى توشبوان واى لە دەوڵەتانى جيهان كردوە كە پلانەكانيان بۆ سوككردنى كۆت و بەندەكان و ئاسايى كردنەوەى ژيان و كرانەوەى ئابورى ڕابگرن، شارەزايان و شيكەرەوان دەڵێن، ماوەى زياتر لە شەش مانگە بەسەر بڵاوبونەوەى كۆرۆنادا تێپەڕ دەبێت و هەندێك دەوڵەت سەرەڕاى ئەوەى هێشتا ڤايرۆسەكە تێياندا بەردەوامە لە بڵاوبونەوە هەوڵى كردنەوە و گەڕانەوەى ژيانى ئاسايى دەدەن كە ئەوەش پێشوەختەيە.

 

جيهان تەنها پێويستى بە 10 ڕۆژ بوو بۆ ئەوەى ژمارەى توشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە 10 مليۆنەوە بگاتە سەروو 12 مليۆن، ئەوەش بڵاوبونەوەى بەردەوامى مەترسيدارى ڤايرۆسەكە بە جيهاندا نيشان دەدات.



بارودۆخەكە سەختە

هەردوو کيشوەرە ئەمريكيەكە بوونەتە ناوەندى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا، ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا بە تەنها خۆى زياتر لە سێ مليۆن  و 200 هەزار توشبووى تۆمار كردووە و زەرەرمەندترين وڵاتى جيهانە، بەدواى ئەويشدا وڵاتى بەرازيل دێت كە زياتر لە يەك مليۆن و 760 هەزار توشبووى هەيە.

 

ئاژانسى شينخوا لە وتارەكەيدا ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، بەرەنگاربونەوەى ئەو بارودۆخە سەختە پێويستى بە هاريكارى جيهانى و گرتنەبەرى رێوشوێنى پێويست و جەوهەرى و كردارى هەيە بۆ كۆتايى هێنان بەم پەتايە.

 

هەروەها پێويستە دەسەڵاتدارانى ناوخۆيى مەبدەئى ڕێنوينيكردنى ناچارييان هەبێت بۆ دووبارە كردنەوەى كەرتەكانى ژيانى ئاسايى ئەويش پێويستى بە زيرەكى هۆشدارى هەيە، پێويستيەكى زۆر بە هاريكارى جيهانى چالاك هەيە، چونكە ڕۆڵى سەرەكى دەبينێت لە كۆنترۆڵكردنى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا.

 

لاى خۆيەوە "شى شين" مامۆستاى زانكۆى "يێڵ" بۆ تەندروستى گشتى و سەرۆكى كۆمەڵگەى چينى بۆ سياسەت و ئيدارەدانى تەندروستى دەڵێت، "ئێمە جیهانگیرییەک بەبێ حيكمەتێكى جيهانى دەبينن، ئەوەش ئاشكرايكرد كە مرۆڤ لە بەرەنگاربونەوەى پەتا سەرەكيەكان لاوازە".

 

شين داواش دەكات، هاريكارى جيهانى هەبێت بۆ بەرەنگاربونەوە پەتا ئەويش لە چوار بوارى سەرەكيدا، ئەوانيش شوێنكەوتنى ڤايرۆس و ناسينەوەى، پێشكەشكردنى ڕاپۆرت لەكاتى گونجاودا بە رێكخراوە نێودەوڵەتيەكان، گۆڕينەوەى زانيارى زانستى و بەشدارپێكردنى شارەزاييەكان لە بوارى خۆپاراستن لە ڤايرۆسى كۆرۆنا و كۆنترۆڵكردنى.

 

ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، ڕێوشوێنەكانى دوركەوتنەوەى كۆمەڵايەتى و بەستنى دەمامک لە چين و دەوڵەتانى ڕۆژهەڵاتى ئاسيا و چەندين شوێنى تر بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكەى بەشێوەيەكى كاريگەرى خاو كردوەتەوە.

 

وتارەكەى شينخوا ڕەخنەشى لە ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا گرتوەتەوە و دەڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دەوڵەتەى كە زەرەرمەندترينە بە ڤايرۆسى كۆرۆنا خۆى لە هاريكاريى جيهانى دابڕاندوە و لە ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى كشاوەتەوە.



ڕەخنەكان لە ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى

ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى ڕوبەڕوى ڕەخنە بووەتەوە ئەوەش بەهۆى وەڵامدانەوە خاوەكانى سەبارەت بە پەتاكە و "بڕيارە دوفاقيەكانى"، تەنانەت هەندێك پێيان وايە كە ڕێكخراوەكە يەكێكە لە گرنگترين هۆكارەكانى بەردەوامى بڵاوبونەوەى كۆرۆنایە تائێستا.

 

چەندين دەوڵەت لە سەروو هەموشيانەوە ئەمريكا ڕەخنەى توندى ڕووبەڕووى ڕێكخراوەكە كردوەتەوە و تۆمەتبارى دەكات كە لەكاتى گونجاودا هۆشدارى نەداوە سەبارەت بە بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكە.

 

هەروەها تۆمەتى ئەوەى ڕوبەڕوكراوەتەوە، كە ڕێنمايى هەڵە دەداتە وڵاتانى جيهان سەبارەت بە بەستنى دەمامك و زانيارى ورديش نادات سەبارەت بە تاقيكردنەوەى چارەسەرەكان، سەرەڕاى ئەوەش هەنگاوەكانى درەنگ كەوتون و ئەمريكاش پێى وايە كە لايەنگرى چين دەكات.



ڕاپۆرتەكان

ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى ئەوەى ئاشكرا كردوە كە لە مانگى 11 دا ئەنجامى بەرەنگاربونەوەى نێودەوڵەتى بۆ ڤايرۆسى كۆرۆنا ئامادە دەكەن.

 

ڕاپۆرتەكەش لەلايەن ليژنەيەكەوە دەبێت بە سەرۆكايەتى "هيلين كلارك" سەرۆك وەزيرانى پێشووى نيوزلەندا و "ئيلين جۆنسۆن سيرليف" سەرۆكى پێشووى ليبريا و باس لە سەرەتاى ڤايرۆسەكە و چۆنێتى مامەڵەكردن لەگەڵيدا دەكات.

 

ليژنەكە كە ناوى ليژنەى سەربەخۆ بۆ ئامادەكارى بۆ پەتاى جيهانى و مامەڵەكردن لەگەڵى "IBBR"ە شيكردنەوە بۆ نيشتمانى دەركەوتنى ڤايرۆسەكە و چۆنێتى ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەى لە داهاتودا دەكات، هەروەها چۆنێتى مامەڵەكردنى تاك لەگەڵيدا.

 

لە كۆبونەوەى مانگى پێنجى ڕابردودا وڵاتانى ئەندام لەڕێكخراوى تەندروستى جيهانى كە ژمارەيان 194 دەوڵەتە بڕيارياندا بە پێكهێنانى ليژنەيەك و بڕياريشە لە مانگى پێنجى ساڵى 2021 ڕاپۆرتى كۆتايى سەبارەت بە پەتاى كۆرۆنا پێشكەش بكەن.