ناس کورد-
کۆمەڵەى ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سلێمانی ئیدانەى "هاتنی بەلێشاوی گروپێکی ئاینی و سنوربەزاندنیان" دەکەن کە "جگە لە مەترسیی تەندروستی، لەژێر ناوی ئایندا یاسا کارپێکراوەکان پێشێل دەکەن."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ هەینی، 10ی تەموزی 2020، نوێنەری ئەو ڕێکخراوانە گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و ڕایانگەیاند، دەروێشەکان "بانگەشە بۆ ڕەتکردنەوەى زانستە پزیشکی و دونیاییەکان دەکەن و دەڵێن ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی نییە کە پێشتر ئەو جۆرە لێدوانە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە قەدەغە کراوە."
ئاماژەیان بەوەش کردووە، "دانانی پرسە و ئەنجامدانی هەر کۆبوونەوەیەک بۆ هەر کەسایەتی و لەژێر هەر ناوێکدا بێت کە ڕێکارە تەندروستییەکان بشکێنێت ئیدانە دەکەین.."
لەدوای بەزاندنی سنوری ئێران و هەرێمی کوردستان بە زۆر و فشار لەلایەن چەند هەزار دەروێشێکەوە، جێگری سیاسیی و ئەمنی پارێزگاری کوردستان (سنە) دەڵێت، بەهۆی پەرەسەندنی کۆرۆنا و جێبەجێنەکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، "ئێستا دۆخەکە بۆ بەشداریی خەڵک لە پرسەی پیری تەریقەتی قادری مسۆگەر نییە."
حسێن خوەش ئێقال لە کاردانەوەی ئەو ڕووداوەکەی دوێنی سنوری باشماخ لە نێوان مەریوان و سلێمانی ڕایگەیاند، لە ئێستادا دۆخەکە گونجاو نییە بۆ بەشداریی لە پرسە.
وتیشی، "بەهۆی پەرەسەندنی کۆرۆناوە سنورەوانانی عێراقی ڕێگرییان لە دەروێشەکان کردووە و کێشە دروست بووە و دەروێشەکان گوشاریان هێناوە کە دەربازی ئەو دیوی سنور بن، و بەم بۆنەوە تەقەی ئاسمانی کراوە و کەسیش نەکوژراوە."
هاوکات دوێنێ بەڕێوەبەری دەروازەی سنوری باشماخ ڕایگەیاند، زانیارییان هەیە نزیکەی سێ هەزار دەروێشی دیکە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتوون، دەشڵێت، هەربەوبۆنەوە هێزی ئەمنییان لە دەروازەکە زیاد کردووە و لەسەر فەرمانی جێگری سەرۆکی حکومەتیش بۆماوەی 24 کاتژمێر دەروازەکەیان داخست.
لیوا مەریوان کەمال، بەرپرسی دەروازەی سنوری باشماخ بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەسەر فەرمانی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ ئاساییکردنەوەی ئەو دۆخەی دوێنێ ڕوویدا، دەروازەکە بۆماوەی 24 کاتژمێر داخرا."
وتیشی: "لەئێستادا زیاتر لە 200 دەروێشی دیکە لە دەروازەکەن و دەیانەوێت بێنە هەرێم، بەڵام ڕێگەمان لێگرتوون، هەروەها زانیاریمان هەیە کە نزیکەی سێ هەزار دەروێشی دیکە بەڕێکەوتوون بۆئەوەی لەدەروازەکەوە بێنە هەرێمی کوردستان."
بەڕێوەبەری دەروازەی باشماخ ئاماژەی بەوەشکرد: "هەروەها ژمارەی هێزەکانمان لە دەروازەکە زیاد کردووە هێزی ئاسایش و بەرگریمان هێناوە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین هیچ کەسێکی دیکە بێتە ناوەوە."
ئەمە لەکاتێکدایە، پاشنیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە، 9ی تەموزی 2020، زیاتر لە دوو هەزار دەروێش لە ئێرانەوە دەروازەی سنوری باشماخیان شکاند و هاتنە هەرێمی کوردستان و لەئێستادا بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتوون، بۆ بەشداریکردن لە پرسەی شێخ محەمەد کەسنەزانی، ڕێبەری پێشووی تەریقەتی کەسنەزانی لە جیهاندا کە لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد و بڕیارە سبەینێ تەرمەکەی بگاتەوە شاری سلێمانی.