گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواى 12 مليۆن توشبوو چى لەسەر كۆرۆنا دەزانين؟

2020.07.09 - 22:07
دواى 12 مليۆن توشبوو چى لەسەر كۆرۆنا دەزانين؟

 

ناس کورد- 

 

دواى تێپەڕبوونى حەوت مانگ بەسەر دەركەوتنى ڤايۆسى كۆرۆنا، ژمارەى توشبووان لە جيهاندا گەيشتوەتە زياتر لە 12 مليۆن كە ئەوەش بەهێندەى ژمارەى دانيشتوانى وڵاتێكى وەك و ڕواندايە، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى زانايان باس لەوەدەكەن ژمارەى توشبووانى ڕاستەقينە زۆر لەوە زياترە، بەڵام زۆرينەيان نازانن توشبوون و نيشانەكانيان تێدا دەرناكەوێ، تائێستا جيهان چى لەسەر كۆرۆنا دەزانێت؟ هەوڵەكان بۆ دۆزينەوەى چارەسەر و ڤاكسينێكى كاريگەر بەكوێ گەيشتوون؟

 

تا هەينى ڕابردوو ژمارەى توشبوان 11 مليۆن بوون، بەڵام لە كەمتر لە هەفتەيەكدا يەك مليۆنى تر زيادى كرد، ئەم ڤايرۆسە لە كۆتاييەكانى ساڵى 2019 لە شارى ووهانى چين دەركەوت و دواتر بە جيهاندا بڵاوبويەوە، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى هەندێك ڕاپۆرتى جياواز لەو بارەيەوە هەن و دەوترێت ئەگەرى هەيە سەرچاوە ڕاستەقينەكە چين نەبێت.

 

لەسەرتادا جيهان سێ مانگى ويست تا يەك مليۆن توشبوو تۆماركران، بەڵام لە سێ مانگى كۆتاييدا 11 مليۆنى تر زياديان كرد و يەك مليۆنى تەنها لەم هەفتەيەكدا بووە، ئەوەش سەرەڕاى سەرجەم ئەو هەوڵانەى لە جيهاندا دەدرێن بۆ كۆنترۆڵكردنى ڤايرۆسەكە، ئەوەش بوەتە هۆى پاشەكشەيەكى گەورەى ئابورى لە جيهاندا.

 

ژمارەكان زۆر زياتر لە پێشبينى هەندێك لە شارەزايان تێپەڕين كە پێيان وابوو بە هاتنى وەرزى هاوين و بەرزبونەوەى پلەكانى گەرما ڤايرۆسەكە كۆتايى دێت.

 

دۆزينەوەى نوێ

لەگەڵ بەرزبونەوەى ژمارەى توشبووان لە جيهاندا هەوڵى زانايان و ناوەندە زانستى و پزيشكيەكانيش خێراتر كران بۆ دۆزينەوەى زانيارى نوێ لەسەر ڤايرۆسەكە و دۆزينەوەى چارەسەر بۆى و چەندين زانيارى نوێ لەسەر ڤايرۆسەكە كە لە نەوەى ڤايرۆسە تاجيەكانە ئاشكرا كران، لەوانەش:

 

- كۆرۆنا دەبێتە هۆى جەڵتەى خوێناوى

بەپێى لێكۆڵينەوە نوێكان كۆرۆنا دەبێتە هۆى جەڵتەى خوێناوى لە ملولەكانى خوێندا، ئەوەش دەبێتەهۆى بڕينى ئۆكسجين، واى لە پزيشكان كردوە كە لە پرۆتۆكۆڵى چارەسەركردنى توشبواندا دەرمانى دژە كۆبونەوەو مەيينى خوێن بەكاربهێنن.

 

پزيشكان تەئكيد دەكەنەوە، پێويستە بەردەوام چاودێرى ڕێژەى ئۆكسجين لە خوێنى توشبواندا بكرێت، ئەوەش بۆ ڕێگەگرتن لە گيانلەدەستدانيان بەهۆى بڕينى هەناسەوە، بۆيە پێويستە تەئكيد لەوە بكرێتەوە كە ئاستى ئۆكسجين لە 93% زياتر دانەبەزێت.

 

- خەوتن لەسەر سك هاوكارى هەناسەدان دەكات

لايەنە تەندروستيەكان ئەوەيان ئاشكرا كردوە، خەوتن لەسەر سك هاوكارى هەناسەدان دەكات و ئەوەش دەبێتە هۆى ئاسانكارى لە هەناسەدان بۆ توشبوان.

 

- پشتبەستن بە دەرمان بۆ چارەسەركردنى توشبوان

ئەگەر پزيشكان لەسەرەتاوە كەمتەرخەميان هەبوبێت لە چارەسەركردنى نيشانەكانى ڤايرۆسى كۆرۆنا، ئەوا ئەمڕۆ گەيشتونەتە دۆزينەوەى چەندين چارەسەر بۆ توشبوان، لەوانەش "فافابيرافير" و "ڕيمدسيفير".

 

هەروەها پزيشكان ئەوەشيان بۆ دەركەوتووە كە بەكارهێنانى چارەسەرەكانى وزەبەخش و ستيرۆيدات ڕێگە لە سيستمى بەرگرى جەستە دەگرێت كە هێرش بكاتە سەر خۆى، بۆيە لەئێستادا دەتوانرێت كە هاوكارى توشبوان بكرێت بۆ ڕێگەگرتن لەوەى تووشى هەوكردن ببن.



شەپۆلى دووەم

لە ناوەڕاستى مانگى شەشدا باسى ئەوە هاتە پێشەوە كە شەپۆلى دووەمى كۆرۆنا دەستى پێكردوە، ئەوەش دواى ئەوەى ماوەيەك پاشەكشەى كرد ياخود هەندێك پێيان وابوو، بەتايبەتى كە لە ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا بەرەو بەرزبونەوە چوون و ژمارەى توشبوان لە ڕۆژێكدا گەيشتوەتە زياتر لە 60 هەزار كەس، ئەوەش لە چەند ڕۆژى ڕابردودا.

 

لاى خۆيەوە دكتۆر ئيسماعيل مەعقوق، پزيشكى ڕاوێژكارى نەخۆشيەكانى پێست و پەتاكان بە پێگەى سكاى نيوزى وتوە، قسەكردن لەسەر شەپۆلى دووەم پێشوەختەيە و ناكرێت بە ئاسانى تەئكيد بكرێتەوە كە شتێكى لەو جۆرە بەناوى شەپۆلەوە هەيە.

 

ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، ڕاگەياندنى شەپۆلى دووەمى كۆرۆنا پێويستى بە تايبەتمەندى ديارى كراو هەيە، وەك ژمارەى دياريكراوى توشبووان، پێويستە ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى و شارەزايان داتا لە سەرجەم وڵات و كيشوەرەكانەوە كۆبكەنەوە، دواتر بە جيهانى ڕابگەيەنن.

 

پێشى وايە، قسەكردن لەسەر شەپۆلى دووەم خەڵك دەترسێنێت، بەشێوەيەكى وردتر ئەوەيە كە مەترسى ڕودانى شەپۆلى دووەم هەيە، بەڵام چونە ناو شەپۆلەەوە پێويستى بە زانيارى و داتاى دياريكراو هەيە.

 

هەرچى ڕێكخراوى تەندروستى جيهانيشە، "تيدروس ئەدهانۆش گيبريسوس" سەرۆكى ڕێكخراوە ئاماژەى بەوەداوە، كە ڤايرۆسەكە بە خێڕايى بەردەوامە لە بڵاوبونەوە، بەڵام تائێستا نەگەيشتوەتە لوتكە.

 

ئەمەش واتاى ئەوەيە كە قەيرانى كۆرۆنا بەم نزيكانە كۆتايى نايەت، هەروەها گەڕانەوەى ژيانى ئاسايى لەوە زياترى دەوێت كە پێشبينى دەكرا، بەتايبەتى گەشتە ئاساييەكان.

 

 

گەشتى گەڕان بەدواى چارەسەردا

جيهان بە تاسەوە چاوەڕێى ڕاگەياندنى بەرهەمهێنانى يەكەم ڤاكسينى دژى ڤايرۆسى كۆرۆنايە كە تائێستا بەهۆيەوە زياتر لە 550 هەزار كەس گيانيان لەدەستداوە.

 

كۆمپانياكانى دروستكردنى دەرمان كەوتونەتە كێبڕكێيەكى توندەوە بۆ دروستكردنى چارەسەرێك ياخود ڤاكسينێك، بەپێى ڕاپۆرتێكى ئاژانسى ڕۆيتەرز لە ئێستادا زياتر لە 100 ڤاكسينى دژە كۆرۆنا لەژێر تاقيكردنەوە و پشكنيندان و هەندێكيان گەيشتونەتە قۆناغى پێشكەوتوو.

 

زانايانى زانكۆى ئۆكسفۆرد ڤاكسينێكيان دروستكردوە،  لەلايەن كۆمپانياى "ئەسترا زينيكا"ى بەريتانى بۆ دروستكردنى دەرمان ڤاكسينەكەى خستوەتە ژێر تاقيكردنەوەيەكى فراوان لەسەر توشبووان، بەڵام بۆ ئەوەى بەردەست بێت پێويستە تا كۆتايى ئەمساڵ چاوەڕێ بكەن، چونكە پێويستە دڵنيابنەوە لە سەركەوتويى.

 

هەروەها چەندين وڵاتى جيهان سەرقاڵى دروستكردنى ڤاكسينن، وەك چين، تايلاند، ئەڵمانيا، ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا و بەريتانيا.

 

هەواڵەكان لەسەر تاقيكردنەوەى چارەسەر و ڤاكسينەكان هيوايەكيان بەخشيوە بە جيهان بۆ كۆتايى هاتنى كۆرۆنا، بەڵام تائێستاش هەر هيوايە، سەرەڕاى ئەوەى دەيان چارەسەر لەژێر تاقيكردنەوەدان، بەڵام تائێستا پشت بە هيچيان نەبەستراوە لەسەر ئاستێكى جيهانيى.

 

لاى خۆيەوە دكتۆر ئيسماعيل مەعقوق لەو بارەيەوە دەڵێت، دروستكردنى ڤاكسينێك ئەوەندە ئاسان نييە كە هەندێك پێيان وايە و بە خێراييش ئەنجامەكەى دەرناكەوێت، كارەكە چەندين ساڵى دەوێت و لە ڕابردووشدا گەيشتن بە ڤاكسينى هەندێك پەتا بە هەمان شێوە بووە.

 

ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، زانايان و پزيشكان پێيان وانييە كە بەم زوانە بگەنە ڤاكسينێك، ئەگەر ڤاكسينێكى سەركەوتوو دروست كرا ئەوا كۆتايى بەم نەخۆشيە دەهێنێت، بەڵام ئەگەر گۆڕانكارى بۆماوەيى دروست كرد لە ڤايرۆسەكە ئەوا واتاى ئەوەيە كە ئەو ڤاكسينە نييە كە چاوەڕێى دەكرێت.