گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێمە بۆ چاکسازی بەشداری حکومەتمان کرد

گۆڕان: پێویستە حکومەت پابەندبێت بەو بەڵێنەی کە بڕینی موچە تەنها بۆ ئەم مانگە بووە

2020.07.09 - 20:52
گۆڕان: پێویستە حکومەت پابەندبێت بەو بەڵێنەی کە بڕینی موچە تەنها بۆ ئەم مانگە بووە

ناس کورد-

جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان ڕایگەیاند، پێویستە حکومەت پابەندبێت بەو بەڵێنەی کە کەمکردنەوەی موچە تەنها بۆ مانگی ڕابردوو بووە و ئاماژە بەوەشدەکات، بەشداری گۆڕان لە کابینەی نۆیەم تەنها بۆ ئامانجی چاکسازییە و داواشدەکات هەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی شەفافانە رێککەوتن ئەنجامبدەن.

 

ئەمڕۆ پێنجشەمە، 9ی تەموزی 2020، جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی بە بەشداری تیمی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم ئەنجامدا و کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە رەوشی سیاسی، ئابوری و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان،لەدەستپێکی کۆبونەوەکەدا، سەرجەم ئەندامان سوپاس و پێزانینیان ئاراستەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی، پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ، هەروەها حکومەتی خۆجێی لە پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان و هاونیشتیمانیان کرا، کە لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا خۆنەویستانە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردوە و پابەندبون بە خۆپارێزی.

 

هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەم راسپاردە و بڕیارانە پەسەند کران:

 

یەکەم: جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ بەشداری لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم کرد، قەیرانی قوڵی سیاسی و ئابوریی و دارایی هەرێمی کوردستان ئەنجامی حوکمڕانی خراپ و نادادپەروەری و گەندەڵی رابردووە، هەروەها، جەختی کردەوە لە سەر ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەیی، وە بەشداری بزوتنەوەی گۆڕانیش لە کابینەی نۆ تەنیا بەم ئامانجەیە و، لەم چوارچێوەیەشدا پشتیوانی تەواوی تیمی خۆی دەکات لە حکومەتدا.

 

دوەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە پابەند بێت بە راگەیندراوی کۆتایی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ٢١ی ٦ی ٢٠٢٠ کە تەنها بۆ یەک مانگ موچەی فەرمانبەران کەم ئەکرێتەوە و ئەو رێکارە کاتییە. بزوتنەوەی گۆڕان جەخت ئەکاتەوە کە حکومەت هەرێم  پابەندبێت بەو بەڵێنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە:

 

١. چاکسای ریشەیی لە کەرتی نەوت و گاز، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنورییەکان، باج ئەنجامبدرێت.

 

٢. رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە پێویست دەزانێت، لەم پێناوەشدا پێویستە هەردوولا پابەندی ماف و ئەرکەکانیان بن.

 

٣. پێویستە دەستەبەجێ تەواوی داهات بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و کۆتایی بە قۆرخکاری و دەستێوەردانی کۆمپانیای حیزبی بهێندرێت، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیادکردنی داهات و پێدانی موچەی هاونیشتیمانیان لە کاتی خۆیدا.

 

سێیەم: چاکسازی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ بکرێت بە نەهێشتنی دەستی حیزب لەناویاندا و کردنیان بە دامەزراوەی نیشتیمانی. 

 

چوارەم: مانەوە و گەشەکردنی هەرێمی کوردستان بەندە بە بنیاتنانی پایەکانی حکومڕانی باش، بەدەستهێنانەوەی متمانەی هاونیشتیمانیان، جێبەجێکردنی ستراتیژی هاوسەنگی لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان.

 

پێنجەم: سەبارەت بە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان پێویستە کۆتایی بهێندرێت بە دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی دەستکرد و لاوەکی، کە لە روانگەی ئێمەوە بیانوە بۆ دواخستن و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی.

 

شەشەم: بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری لە حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان ئەنجام دەدات.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی جڤات نیشتیمانیی گۆڕاندا هاتووە: "دڵنیاین دەتوانین قەیرانی نەخوازراوی سیاسی و دارایی بە بەشداری چاکسازیخوازان و هاونیشتیمانیان تێدەپەڕێنین، بزوتنەوەی گۆڕان بە باوەڕێکی نەپساوە پابەندە بە ئەرکی نیشتیمانی و ئەخڵاقی خۆی کە هەمیشە وەک داکۆکیکاری مافی هاونیشتیمانیان ئەمێنێتەوە. لەم پێناوەدا هەمو هەنگاوێکی پێویست ئەگرێتەبەر."