کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح
.
پارێزگاری بەغداد لە هەوڵی دواخستنی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵە بۆ دوای مانگی ڕەمەزان، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستانیش رایدەگەیەنێت، تاقیكردنەوەكانی هەرێم لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامدەرێت.
.
ئەمرۆ پێنجشەممە فەلاح جەزائیری پارێزگاری بەغداد لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، داوایەکیان ئاڕاستەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عێراق كردووە، بە مەبەستی دواخستنی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ بۆ دوای مانگی ڕەمەزان، هۆکارەکەشی بۆ داواکاری هاوڵاتیان گەڕاندۆتەوە.
.
لە لایەکی دیکەوە سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ کە لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕیوە دەچێت، تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: "تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ بە هەموو قۆناغەكانیەوە لە هەرێمی كوردستان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامدەدرێت، وە بە هیچ جۆرێک تاقیکردنەوەکان دواناخریت".
.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، ڕێنمایی دایکان و باوکانی کرد، لە کاتی تاقیكردنەوەكاندا، ڕەچاوی باری دەروونی قوتابیان بكەن و بە هیچ شێوەیەك فشار نەخەنە سەریان، داواشدەکات، كەشی ئارام بۆ خوێندن لە ماڵەكاندا بڕەخسێنرێت و لەماوەی تاقیكردنەوەكاندا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کەمبکرێنەوە.
.
سامان سیوەیلی لە ڕێی ناس کورد-ەوە داوای لە خانەوادەکان کرد، لە ماوەی تاقیكردنەوەكاندا هێڵەكانی ئینتەرنێت و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان لە قوتابیەكانیان سنورداربكەن.
.
.