گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەزاران دەروێشی دیکە بەڕێکەوتوون و حکومەتی هەرێمیش یەکەم بڕیاری لەوبارەیەوە دا

2020.07.09 - 18:45
هەزاران دەروێشی دیکە بەڕێکەوتوون و حکومەتی هەرێمیش یەکەم بڕیاری لەوبارەیەوە دا

ناس کورد-

بەڕێوەبەری دەروازەی سنوری باشماخ ڕایگەیاند، زنیارییان هەیە نزیکەی سێ هەزار دەروێشی دیکە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتوون، دەشڵێت، هەربەوبۆنەوە هێزی ئەمنییان لە دەروازەکە زیاد کردووە و لەسەر فەرمانی جێگری سەرۆکی حکومەتیش بۆماوەی 24 کاتژمێر دەروازەکەیان داخست.

 

لیوا مەریوان کەمال، بەرپرسی دەروازەی سنوری باشماخ بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەسەر فەرمانی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ ئاساییکردنەوەی ئەو دۆخەی ئەمڕۆ ڕوویدا، دەروازەکە بۆماوەی 24 کاتژمێر داخرا."

 

وتیشی: "لەئێستادا زیاتر لە 200 دەروێشی دیکە لە دەروازەکەن و دەیانەوێت بێنە هەرێم، بەڵام ڕێگەمان لێگرتوون، هەروەها زانیاریمان هەیە کە نزیکەی سێ هەزار دەروێشی دیکە بەڕێکەوتوون بۆئەوەی لەدەروازەکەوە بێنە هەرێمی کوردستان."

 

بەڕێوەبەری دەروازەی باشماخ ئاماژەی بەوەشکرد: "هەروەها ژمارەی هێزەکانمان لە دەروازەکە زیاد کردووە هێزی ئاسایش و بەرگریمان هێناوە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین هیچ کەسێکی دیکە بێتە ناوەوە."

 

ئەمە لەکاتێکدایە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تەموزی 2020، زیاتر لە دوو هەزار دەروێش لە ئێرانەوە دەروازەی سنوری باشماخیان شکاند و هاتنە هەرێمی کوردستان و لەئێستادا بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتوون، بۆ بەشداریکردن لە پرسەی شێخ محەمەد کەسنەزانی، ڕێبەری پێشووی تەریقەتی کەسنەزانی لە جیهاندا کە لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد و بڕیارە سبەینێ تەرمەکەی بگاتەوە شاری سلێمانی.