گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ميليشياكان هەڕەشەى هەڵكشانى گرژيەكان لە كازمى دەكەن

2020.07.09 - 17:25
ميليشياكان هەڕەشەى هەڵكشانى گرژيەكان لە كازمى دەكەن

ناس کورد-

ميليشياكانى عێڕاق هەڕەشەى ئەوە لە مستەفا كازمى دەكەن كە ئاستى گرژيەكان بەرز دەكەنەوە، ئەگەر دواى گروپە چەكداريەكان بكەوێت، ئەوەش دواى هەڵكشانى گرژيەكانى نێوان حكومەت و ئەو ميليشيايانە بەهۆى تيرۆركردنى هيشام هاشمى، شارەزاى ديارى ئەمنى عێراقى.

 

دواى تيرۆركردنى هيشام هاشمى، شيكەرەوەى ئەمنى عێڕاقیى تەمەن 47 ساڵ، گرژيەكان لە عێراق زياديان كردوە و سەرۆكوەزيرانى عێڕاق بەڵێنى ئەوەى داوە كە دواى ئەنجامدانى ئەو تاوانە بكەوێت و ڕادەستى دادگايان بكات، زۆرينەى شەقامى عێراقيش ميليشياكانى نزيك لە ئێران بەتايبەتى كەتيبەكانى حزبوڵڵا بە تيرۆركردنى ناوبراو تۆمەتبار دەكەن و پێش ماوەيەكيش لە تاوانەكە هەڕەشەيان لێ كردبوو.

 

هاشمى پێش چەند ڕۆژێك ڕاپۆرتێكى لەسەر ميليشياكانى سەربە كۆمارى ئيسلامى ئێران بڵاوكردبوەوە، كازميش بەڵێنى تۆڵەكردنەوەى ناوبراوى داوە، بەڵام بەپێى بۆچونى شارەزايان هەر ڕێوشوێنێكى جدى مەترسى هەڵكشانى گرژيەكانى لەگەڵ ميليشياكان لێ دەكەوێتەوە.

 

محەمەد محى، وتەبێژى كەتيبەكانى حزبوڵڵا بە ئاژانسى ئەسۆشيەتيد پرێسى وتوە: " هەڵكوتانە سەر بارەگاكانمان كارێكى ئيستفزازييە، بڕوامان وايە كە ئيستفزازكردنمان لەلايەن كازميەوە ناوەستێت و بەردەوام دەبێت و بەهۆى ئەوەشەوە گرژيەكان زياد دەكەن ئەوەش لە قۆناغى داهاتودا دەبێت."

 

هەرچى سەبارەت بە بەردەوامى موشەك بارانكردنى باليۆزخانەى ئەمريكا و دانانى سيستمى بەرگرى C-RAM لەلايەن باڵيۆزخانەكەوە وتويەتى، ئەوەش هەنگاوێكى ترى ئيستفزازكردنە و باڵيۆزخانەكەى ئەمريكا كراوە بە بنكەيەكى سەربازى.

 

ميليشياكانى عێڕاق كە بەشێكن لە حەشدى شەعبى، دەسەڵاتێكى زۆريان لە عێراق هەيە و چەندين كەرتى ئابورى و كەرتى گرنگى تريان كۆنترۆڵ كردوە، دواى ئەوەشى مستەفا كازمى بووە سەرۆكوەزيران بەتايبەتى لە ئێستادا كە قەيرانێكى گەورەى ئابورى دروست بووە دەيەوێت هەيبەت بۆ دەوڵەت بگەڕێنێتەوە و چاكسازى لە سەرجەم كەرتەكاندا بەتايبەتى ئابورى بكات، بەبێ شەڕى گروپە ميليشياكانيش ئەستەمە بتوانێت ئەو كارە بكات.