گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’داوای هەڵوێستی یەكگرتووی هەرێم و فیدراڵ لەدژی توركیا كراوە’

عێراق؛ داواى بەکارهێنانى کارتى ئابورى دژى لەشکرکێشییەکانى تورکیا دەکرێت 

2020.07.09 - 13:59
عێراق؛ داواى بەکارهێنانى کارتى ئابورى دژى لەشکرکێشییەکانى تورکیا دەکرێت 

ناس کورد- 

دوو پەرلەمانتاری عێراق كە ئەندامی لیژنەكانی ئاسایش و پەیوەندیەكانن ڕایانگەیاند، هەڵوێستی شەرمنانە و لاوازی عێراق وایكردووە دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ داگیركردنی خاك بگۆڕێت و ئاشكراشیان كرد داوا لەحكومەت كراوە لەگەڵ هەرێمدا هەڵوێستیان یەكبخەن و دژی توركیا ڕێوشوێنی دیكە بگرنە بەر.

 

لەلێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی (زەورا)ى عێراقى، كاتیع ڕەكابی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دەبێت حكومەت هەڵوێستی توند بێت بەرامبەر دەستدرێژییە بەردەوامەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، تورکیا دەستدرێژیشی تێپەڕاندووە و سوورە لەسەر دەستوردانەكانی لەناو خاكی عێراقدا.

 

ڕەكابی باسی لەوەش كرد، كاتێك باڵیۆزی توركیا بانگهێشتكراوە بۆ وەزارەتی دەرەوە و نامەیەكی توندی ڕادەستكراوە پۆزشی نەهێناوەتەوە بەڵكو جەختی لە بەردەوامبوونی وڵاتەكەی لەو دەستدرێژیانە بەبیانووی ڕاوەدوونانی گەریلاكانی پەكەكە كردووەتەوە.

 

ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ڕەخنەی لەهەڵوێستی حكومەت گرت كە لەئاست ئەو ڕوداوەدا لاوازە و داواشی كرد بەهەماهەنگی لەگەڵ هەرێمدا هەڵوێستێكی یەكگرتوو و بەهێز بنوێنن لەدژی توركیا.

 

لای خۆشیەوە، عامر فایز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی عێراق بەڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، پاراستنی سنورەكان و وڵات ئەركی حكومەتە و چەند جارێكیش لیژنەكەیان داوای لە حكومەت كردووە، هەڵوێستێكی توندتر بنوێنێت چونكە ئێستا پرسەكە لەوە دەرچووە بە سەرکۆنەکردن  چارەسەر بكرێت و لەپێشێلكارییەوە بووەتە داگیركردنی خاك.

 

فایز داواى کردووە، حكومەت كارتی ئابووری لەدژی توركیا بەكاربهێنێت بەهۆی ئەوەی ئابووری ئەو وڵاتە تاڕادەیەك پشتی بەعێراق بەستووە و داواش دەكات سكاڵا لەنەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش لەدژی ئەو وڵاتە بجوڵێنرێت.

 

پەرلەمانتارەكە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، شەرمۆكی هەڵوێستەكانی حكومەت بەرامبەر ئەو دەستدرێژیانە وای كردووە وڵاتانی دیكەش بەعێراق بوێرن و دەستدرێژی بكەن كە دواهەمینینان لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە بوو لەبەغدا كە لەكاری دیپلۆماتیەوە تێپەڕی بۆ كاری سەربازی لەناوچەیەكی هەستیاری وەكو شاری بەغدا و پشتگوێخستنی ئەو پرسانە لەلایەن حكومەتەوە وای كردووە پێشێلكردنی سەروەرییەكانی سەر عێراقیش زیاتر ببن.