گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سلێمانى؛ بەشێک لە پێشمەرگە دێرینەکان گردبوونەوە.. مۆڵەتى مانگێک دەدەنە حکومەت [ڤیدیۆ]

2020.07.09 - 10:50
سلێمانى؛ بەشێک لە پێشمەرگە دێرینەکان گردبوونەوە.. مۆڵەتى مانگێک دەدەنە حکومەت [ڤیدیۆ]

ناس کورد-

بەشێک لە پێشمەرگە دێرینەکانى کوردستان لەشەقامى سالم لە شارى سلێمانى گردبوونەوە و مۆڵەتى مانگێکیان دایە حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ چاککردنى دۆخى گوزەران و ژیانى هاووڵاتیانى کوردستان.

 

پەیامنێرى ناس کورد لەنێو گردبوونەوەکەى پێشمەرگە دێرینەکان رایگەیاند "بەشێک لە پێشمەرگە دێرینەکان لە سلێمانى گردبوونەوە و ناڕەزایەتى خۆیان دەربڕى بەرامبەر بە خراپى گوزەرانى پێشمەرگە دێرینەکان و هاووڵاتیانى کوردستان بە گشتى".

 

هاوڕێ پەنا، پێشمەرگەى دێرین و بەشداربووى گردبوونەوەکە بە ناس کوردى راگەیاند "گردبوونەوەى ئەمڕۆمان بۆ پێدانى هۆشدارى بوو بە دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان کە دۆخى ژیان و گوزەرانى هاووڵاتیانى کوردستان بە گشتى چارەسەر بکەن".

 

وتیشى "مۆڵەتى یەک مانگمان داناوە بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و دۆخى گوزەرانى خەڵک و لەدواى تێپەڕبوونى ئەو مۆڵەتە ئینجارە گردبوونەوە ناکەین بەڵکو پێشڕەوى راپەرین دەکەین دژى ئەم دەسەڵاتە".

 

هاوڕێ پەنا ئاماژەى بەوە کرد، ژمارەیەکى زۆر لە پێشمەرگەى دێرین لە شار و شارۆچکەکانى تر ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەکە بەڵام بەهۆى ئەو بارودۆخە تەندروستییەى لەئارادایە بەباشیان زانیوە نەیەن و بەشدارى نەکەن.