گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەنها بەستنی دەمامک هەزارەها مرۆڤ لە عێراقدا لە مردن رزگار دەکات! [تایبەت]

2020.07.09 - 09:24
تەنها بەستنی دەمامک هەزارەها مرۆڤ لە عێراقدا لە مردن رزگار دەکات! [تایبەت]

بەدواداچوونی تایبەت - ئالان م نوری

لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی رابوردووەوە کەیسی نوێیی تووشبووی کۆرۆنا کە رۆژانە دەدۆزرێنەوە لە عێراق لە 1000 کەس لە رۆژێکدا تێپەڕیوە و لە ناوەڕاستی هەمان مانگەوە رۆژی 2000 بووە بە ژمارەیەکی ئاسایی. هێشتا هەفتەی یەکەمی تەمموزە و خەریکە 2500 ی رۆژانە ببێت بە نۆرمی تازەمان. بە بەرامبەر بەوەش لە ناوەڕاستی حوزەیرانەوە مردنی ڕۆژانە لە خەستەخانەکانی عێراق لە ئەنجامی تووش بوون بە کۆرۆنا بووە بە 100 کەس لە رۆژێکدا و روو لە هەڵکشانە.

 

سیاسییەکانی عێراق و کوردستان، کە پێدەچێت لە ماتماتیکدا کۆڵەوار بن، دابەزینی ژمارەی رۆژێک دەکەن بە شایلۆغان و بەخەڵک دەڵێن "سەرکەوتین بەسەر کۆرۆنادا" بەڵام لە راستیدا مەیلی داتاکان بەشێوەیەکی ترسناک روو لە هەڵکشانە.

 

سایتی worldhealth.org داتای راپۆرتکراوی وڵاتان کۆدەکاتەوە و بەپیی سیناریۆی رەفتاری خەڵک و دەوڵەتەکانیان پێشبینیی چوار مانگی داهاتوو دەخاتە روو بۆ مەبەستی یارمەتیدانی دەسەڵاتە تەندروستییەکانی وڵاتان لە هەڵبژاردنی رێگەچارەی بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتەکانیاندا.

 

ئەمە پێشبینییە هەرە سەرەکییەکانی ئەو سایتەیە دەربارەی حاڵی عێراق (کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لێی):

 

 سیناریۆی یەکەم: بریتییە لە سیناریۆی بەردەوام بوونی وەزعی ئێستە، هەر لە هەڵوێستی دەسەڵاتی تەندروستی و لاوازیی رێوشوێنەکانی سەپاندنی  لێکبەدوورخستنەوە تا دەگاتە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و کەمتەرخەمیی پاکوخاوێنیی تاکەکەسی. ئەم سیناریۆیە ئەوە لێکدەداتەوە کە چی چاوەڕوانکراوە ئەگەر هەموو ئەمانە لێگەڕێین و دەستکارییان نەکەین.

 

بە پێی ئەم سیناریۆیە تا رۆژی 1/ تشرینی دووەم، بە تێکڕا نزیکەی 16 هەزار ئینسان لە عێراقدا بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لە دەست دەدەن (لانی کەمی پێشبینیکراو نزیکەی 10 هەزار کەسە و لانی زۆر 24 هەزار و 300 کەسە). ئەم ژمارەیە نزیکە لە ژمارەی قوربانیانی کۆڕەوی خەڵکی لێقەوماوی هەرێمی کوردستان کە دوای راپەڕینی بەهار سەددام راوی نانەوە بۆ چیاکانی سەر سنوور لە مانگی نیسانی 1991 دا. ئەو کات ژمارەیەکی نزیک بەم ژمارە پێشبینیکراوە لە منداڵ و ژن و پیاوی هاووڵاتیانی هەرێم لەسەر چیاکانی کوردستان لە سەرما و لە برسا رەق بوونەوە. ئەوەی لەو کاتەدا فامی کردبێت، دەزانێت چ ئازارێک بەربووە ویژدان و هەست و هۆشی هەموان. بۆ هێنانە بەرچاوی ئەو ژمارانە، بڕوانە ئەم هێڵکارییەی خوارەوە.

هێڵە خاڵخاڵییە رەساسییە شاقووڵییەکە ئاستی ئێسای  کۆی مردووانە بە کۆرۆنا. هێڵە خاڵخاڵییە سوورەکەش پێشبینیی تێکڕای کۆی مەرگە تا دەگەینە 1 ی تشرینی دووەم و ناوچە پەمەییەکەش مەودای جیاوازیی نێوان پێشبینیی لانی کەم و لانی زۆری کۆی مردنە.

 

هەروەها بەپێی ئەم سیناریۆ ترسناکە، ئاستی تووشبوونی دۆزراوەی رۆژانە لە عێراقدا، بە تێکڕا، تا دەگەینە رۆژی 1ی تشرینی دووەم، نزیکەی 181 هەزار کەس دەبێت لە رۆژێکدا (لانی کەمی پێشبینیکراوی تووشبووی دۆزراوەی رۆژانە نزیکەی 83 هەزار کەس دەبێت و لانی زۆریش نزیکەی 359 هەزار و 500 کەس لە رۆژێکدا دەبێت!). بڕوانە ئەم هێڵکارییەی خوارەوە.

 

 

سیناریۆی دووەم: بریتییە لە سیناریۆی ئەوەی دەسەڵاتی تەندروستی و ئاستی هوشیاریی تاکەکەسی بتوانن تەنها دەمامک بەکارهێنان بەسەر گشت دانیشتواندا بسەپێنن.

 

بەپێى ئەم سیناریۆیە، تا 1ی تشرینی دووەم مەرگ بەهۆی کۆرۆناوە بە تێکڕا نزیکی 7 هەزار کەس دەبێت. واتە کەمتر لە نیوەی ژمارەی سیناریۆی یەکەم. (لانی کەمی مەرگ لەم سیناریۆیەدا 5 هەزار و 600 کەس دەبێت و لانی زۆر 9 هەزار کەس). بڕوانە هێڵکاری خوارەوە.

 

 

هێڵە خاڵخال و ناوچە سەوزەکە  تێکڕا و لانی کەم و لانی زۆری  مردنی پێشبینی کراوە بە کۆرۆنا گەر دەمامک بەسەر هەموواندا بسەپێنرێت، بە بەراورد بە سیناریۆکەی پێشوو، کە بە رەنگی رەساسی هێمایان بۆ کراوە.

 

تووشبوونی رۆژانەی دۆزراوە بەپێی ئەم سیناریۆی دەمامک سەپاندن، بە تێکڕا، لە رۆژی 1ی تشرینی دووەمدا نزیکەی 16 هەزار و 350 کەس دەبێت. واتە 11 جار کەمتر لە تێکڕای سیناریۆی یەکەم! (لانی کەمی رۆژانەی ئەم سیناریۆیە نزیکەی 1500 کەسە و لانی زۆری رۆژانە نزیکەی 46 هەزار کەسە). بڕوانە هێڵکاریی خوارەوە.

 

 

بە هەمان شێوە، هێڵی خاڵخاڵ و ناوچە سەوزەکە تێکڕاو لانی کەم و لانی زۆری تووشبوونی دۆزراوەی رۆژانەن لە حاڵەتی سەپاندنی دەمامک بەسەر هەموواندا، بە بەراورد بە سیناریۆی پێشوو کە بە رەنگی رەساسی هێمایان بۆ کراوە.

 

هەر لە چوارچێوەی هەردوو سیناریۆی پێشبینیدا، (بەو پێیەی کە عێراق تەنها 16 هەزار و 304 قەڵەوێرەی خەستەخانەی هەیە و لەوانەش تەنها 904 یان لەو جۆرەن کە بەقەڵەوێرەی ICU ناسراون و بۆ نەخۆشی زۆر هیلاک بەکار دێن)، بەو پێیە، لە رۆژی 1 ی تشرینی دووەمدا، بە تێکڕا 319 ئینسانی عێراقی لە راڕەوی خەستەخانەکان لەسەر زەوی دەخەون چونکە هەموو قەڵەوێرەکان نەخۆشیان لەسەر دەبێت. بەڵام لە چاکترین حاڵەتی پێشبینیکراوی سەپاندنی دەمامک بەسەر هەموواندا، ئەوا پێویستیمان  تەنها بە 6483 قەڵەوێرە دەبێت. واتە نزیکەی 10 هەزار قەڵەوێرەی بەتاڵ یان ئامادە بۆ جۆری دیکەی نەخۆشی ئاسایی بەردەست دەبێت.. بەڵام ئەگەر هیچ نەکەین ئەوا لە خراپترین پێشبینیدا  نزیکەی 34 هەزار کەس پێویستی بە قەڵەوێرەی خەستەخانە دەبێت و 17 هەزاریان لەسەر ئەرزی خەستەخانەکان دەکەون! 

 

لەوەش پڕ تراژیدیاتر ئەوەیە کە نزیکەی دوو هەزار ئینسان لە عێراقدا رۆژی1 ی تشرینی دووەم ، بە تێکڕا، پێویستیان بە قەڵەوێرەی ICU دەبێت و تەنها لەبەر ئەوە دەمرن کە جێیان نابێت! لە خراپترین حاڵەتدا ئەو ژمارەیە بەرز دەبێتەوە بۆزیاد لە 5 هەزار ئینسان کە ئامێری هەناسەپێدان نابێت بۆ رزگارکردنیان لە مردن. بەڵام لە چاکترین حاڵەتی سەپاندنی دەماکدا  ژمارەی ئەوانەی لەبەر بەرنەکەوتنی قەڵەوێرەی تایبەتمەند گیانیان لە دەست دەدەن، تەنها  نزیکەی260 کەس دەبن. هەرچەندە ئەوەش ژمارەیەکی پڕ تاراژیدیایە، بەڵام بە بەراورد بە سیناریۆی هیچ نەکردن، گەلێک باشترە. بڕوانە ئەم هێڵکارییەی خوارەوە

 

 

لەم هێڵکارییەدا هێڵی مۆر توانای داخڵ کردنی نەخۆشە لە خەستەخانەکاندا. هێڵی سەوز توانای دابینکردنی قەڵەوێرەی ICU ە بۆ نەخۆشە هیلاکەکان. هێڵیی خاڵخاڵ و ناوچەی مۆر تێکڕا و لانی کەم و لانی زۆری پێویستییە بە قەڵەوێرەی خەستەخانە. هێڵی خاڵخاڵی شین و سەوز و ناوچەی شین و سەوز، کە زۆر نزیکی یەکترن بریتین لە تێکڕا و لانی کەم و لانی زۆری پێویستیی پێشبینیکراو بۆ قەڵەوێرەی ICU (رەنگی سەوز) و ئامێری هەناسەپێدانی نەخۆش (رەنگی شین). 

 

دەسەڵاتی سیاسی و تەندروستی لە عێراق و کوردستاندا، پاش شکستهێنانیان لە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی دوو مانگی تەواو، پێویستە بزانن کە بەم حاڵەی ئێستە رێیان پێداوە، دەبنە هۆی کارەساتێکی مرۆیی گەورە لەم 4 مانگەی داهاتوودا. 

 

ئاشکرایەکە پلانی توند وتۆڵی کەرەنتینی گشت کۆمەڵگا لەگەڵ دابینکردنی بژێویی خەڵکی کەرەنتینکراو، بەم دەسەڵاتە سیاسی و ئیدارییەی عێراق و هەرێمی کوردستان نایەتە دی. ئەو جۆرە سیاسەتانەی کە بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەنگاویان بۆ بنێن، بە تەواوی نامۆن بە جۆری بیرکردنەوەی سیاسییە باڵادەستەکانی عێراق و کوردستان. بەڵام خۆ دەبێت سەپاندنی توند وتۆڵی دەمامک کردن بەسەر گشت هاووڵاتیاندا لە توانایاندا بێت، دەنا هەموو لایەک دەبێت بزانن کە لە جەنگی بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنادا، کۆمەڵگای عێراق و کوردستان، کۆمەڵگایەکی بێکەس و بێ سەرپەرشتن.